سنورمیدیا –

پرۆسەی دابەشكردنی نەوتی سپی لە ناوچە شاخاوییەكانی سلێمانی پەكی كەوتووە و دیاریش نییە كەی لەسەنتەری شاری سلێمانی نەوت دابەشدەكرێت.

كەریم عەلی، ئەندامی فراكسیۆنی گۆڕان لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە سنورمیدیای راگەیاند”بەپێی ئەو پلانەی دانراوە سەرەتا دەبێت ناوچە شاخاوییەكان نەوتی لێ دابەشكرێت، ناوچە شاخاوییەكانی سنوری پارێزگای سلێمانی پێویستی بە 19 ملیۆن لیتر نەوتە، بەڵام تائێستا ئەو پڕۆسەیە تەواو نەبووە”.

ئەو ئەندامەی لیژنەی وزە وپیشەسازی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی وتیشی”دوای ناوچە شاخاوییەكان دابەشكردنی نەوت لە سنوری قەزا و ناحییەكان دەستپێدەكات، پاشان سەنتەری شار”.

ئاماژەی بەوەشكرد، كە حكومەتی خۆجێی سلێمانی چاوەڕوانی نەوتە لەبەغداوە بێت و دابەشبكرێت لە سەنتەری شاری سلێمانی.

كەریم عەلی، ئاماژەی بەوەشكرد كە ئەم پرۆسەیە پرۆسەی “فرۆشتنەوەی نەوتە، نەك دابەشكردنی نەوت، چونكە نەوتەكە نرخی گرانەو بە 160 هەزار دینار دەدرێت بە هاوڵاتیان”.

لە سنوری پارێزگای سلێمانی ئەگەر هەر ماڵێك بڕی یەك بەرمیل نەوت وەربگرێت، ئەوا پێویستە 110 ملیۆن لیتر نەوت دابین بكرێت.