نزیک دەبینەوە لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٢ و تێیدا کۆمەڵێک وەرزشکار گەورە براوەی ئەو ساڵە بوون لەلایەنی داراییەوە.
بەگوێرەی بلیکەر ریپۆرت، کیلیان ئێمباپێ لەنێو وەرزشکارانی سەرجەم وەرزشە جیاوازەکان زۆرترین موچەی هەیە پاش گرێبەستە تازەکەی لەگەڵ پاریس.
ریزبەندییەکەش بەم جۆرەیە:
٨- ستیفن کوری
ستیفن تاکە یاریزانی تۆپی باسکەیە لە ریزبەندییەکە و یاریزانی گۆڵدن ستەیت واریەرزە. ناوبراو گرێبەستێکی بۆ چوار وەرز بە بڕی ٢١٥ ملیۆن دۆلار واژۆکراوە، کە دەکاتە ٥٣.٧ ملیۆنی ساڵانە.
٧- نێیمار
نێیمار داسیلڤا لە پاڵ مێسی و ئێمباپێ هەرسێکیان لە بەرزترین خاوەن موچەکانی جیهانن. موچەی ساڵانەی ٥٥ ملیۆن دۆلارە و بێ رکابەر زۆرترین بوو لە یانە فەڕەنسییەکە بەڵام هاتنی مێسی و گرێبەستە تازەکەی ئێمباپێ، ئەو یاریزانەی کردووەتە حەوتەم لە جیهان و سێهەم لە پاریس.
٦- لویس هامڵتن.
لویس هامڵتنی شۆفێری بەریتانی ناودار خاوەنی حەوت پاڵەوانێتی جیهانییە و هاوتایە لەگەڵ مایکڵ شوماخەر. ساڵانە ئەویش ٥٥ ملیۆن دۆلار وەردەگرێت.
٥- رەسڵ ویڵسن
رەسڵ ویڵسن لە خولی رەگبی ئەمریکا، گرێبەستێکی لەگەڵ دێنڤەر ئەنجامدا پاش جێهێشتنی سیاتڵ سیهۆکس بەرامبەر بە ٢٤٢.٦ ملیۆن دۆلار بۆ پێنج وەرز لەگەڵ ٥٧ ملیۆن دیکە لە پارەی نەقدی و دەگاتە نزیکەی ٦٠ ملیۆنی ساڵانە
٤-ماتیو ستافۆرد
ماتیو ١٢ وەرزی لەگەڵ دیترۆیت لایۆنس بەسەربرد و لە ٢٠٢١ رابردوو روویکردە لۆس ئەنجلس رامس و لەوێ ساڵانە٦١.٥ ملیۆن دۆلار وەردەگرێت. هەرچەندە لە ٢٠٢٠ ئاستی وەک پێویست نەبوو بەڵام پارساڵ ئەو یانەیەی کردە براوەی سوپەر بۆوڵ.
٣- لیۆنێل مێسی
مێسی هاوشێوەی ماتیو، ساڵانێکی زۆری لەگەڵ یانەکەی پێشووی بەسەربرد بەڵام کاتێک جێی هێشت سەرەڕای هەڵکشانی تەمەنی، پاریس سان جێرمان رازی بوو ساڵانە ٦٥ ملیۆن دۆلاری وەک مووچە پێبدات و ببێتە دووهەم خاوەن بەرزترین موچە لەسەر ئاستی سەرجەم وەرزشەکان بەڵام پاش نوێکردنەوەی گرێبەستی ئێمباپێ چووە پلەی سێهەم.
٢- کانێلۆ ئەلڤارێز
ئەلڤارێزی یاریزانی بۆکسێن بەپێی سروشتی یارییەکەیان خاوەن مووچە نیە، بەڵام لە ٢٠٢٢دا ٤٠ ملیۆنی پێدرا بەرامبەر بە یاریکردن لەگەڵ دمیتری پیڤۆڵ و ئەم بڕەش لە کاتێکدا وەریگرت کە یارییەکەی دۆڕاند. دواتر لە مانگی نۆ رووبەرووی گێنادی گۆلۆڤکین بووەوە و یارییەکەی بردەوە و ٤٥ ملیۆنی دیکەشی وەرگرت. بە کۆی گشتی ٨٥ ملیۆن دۆلاری وەک موچە وەرگرتووە .
١- کیللیان ئێمباپێ
ئێمباپێ نزیک بوو لە جێهێشتنی پاریس، یانەکەشی لەپێناو هێشتنەوەی ئامادەی هەموو کارێک بوو، تەنانەت بە پێدانی موچەیەکی خەیاڵی وەک ١١٠ ملیۆن دۆلاری ساڵانە.
ئەو تەمەنی تەنها ٢٣ ساڵە بەڵام بێ رکابەر بەرزترین موچەی هەیە لەسەر ئاستی سەرجەم وەرزشەکان.