سنورمیدیا –
بەرپرسی سکرتارییەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەوان هەتاوەكو كوردی ڕۆژهەڵات نەگات بە ئامانج چەك دانانێن و دەشڵێت”دەمرین، بەڵام چەك دانانێین”.
ئارام مودەریسی، بەرپرسی سکرتارییەتی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان بە سنورمیدیای راگەیاند” لە مانگی رابردوو بەرپرسانی حكومەتی هەرێم و حكومەتی عێراق سەردانی تارانیان كرد، لەوێ بەرپرسانی ئێران داوایانكردووە حزبە كوردییەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە باشور لە چەك دابماڵدرێن، بەڵام تائێستا بە فەرمی نە حكومەتی هەرێم و نە حكومەتی عێراق، داوایان لە ئێمە نەكردووە دەستبەرداری چەكەكانمان بین”.
وتیشی” چەك هەڵگرتن لای ئێمە شتێكی دڵخواز نییە، بەڵكو ئێمە بە شتێكی ئەخلاقی دەزانین و هەتاوەكو كوردانی ڕۆژهەڵات بە ئامانجی خۆیان نەگەن ئێمە چەك دانانێین”.
سەبارەت بە ئەگەری چەكردنیان بە زۆر مودەریسی وتی”ئێمە بڕیاری كۆتایمان داوە، یان دەكوژرێین یان چەك دانانێین”.
سەبارەت بە تۆمەتەباركردنی حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان لە لایەن تارانەوە وتی”ئێمە نەبوبنەتە هۆكارێك بۆ ئەوەی كۆماری ئیسلامی ئێران بیانوو بە حكومەتی هەرێمی كوردستان بگرێت و فشار بكەنەسەریان، بەپێچەوانەوە ئێمە هاوكار و هاوخەباتی گەلی باشور بووین”.
ئەو بەرپرسەی كۆمەڵە رەتی دەكاتەوە ئێران هێرشی زەمینی بكاتەسەر هەرێمی كوردستان و وتیشی” كۆماری ئیسلامی ئێران هێزێكی زۆری هێناوەتە سەر سنوری هەرێمی كوردستان، بەپێی لێكدانەوەكانی ئێمە ئەم هێزە بۆ هێرشی زەمینی بۆ سەر باشوری كوردستان نییە، بەڵكو بۆ قایمكردنی سنورەكانیەتی بەهۆی ئەو هەرەشانەی لەسەریەتی”.
ئاماژەی بەوەشكرد” ئێران لە بارودخێكدا نییە بتوانێ هێرشی زەمینی بكاتەسەر خاكی هەرێمی كوردستان، بەڵام چاوەڕێی ئەوە دەكەین بە درۆنی خۆكوژی و موشەك بۆردومان بكرێین”.
ئەو بەرپرسەی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاشكراشیكرد، كۆماری ئیسلامی ئێران بەنهێنی و لەڕێگەی چەند تیمێكەوە پلانی تیرۆركردنی سەركردە سیاسییەكانی داڕشتووە و وتی” زانیاریمان هەیە كۆماری ئیسلامی ئێران پلانی داناوە بەرپرس و كاسایەتییە شۆڕشگێرەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان تیرۆر بكات”.
ئارام مودەریسی، پشتیوانی میدیاكارانی كوردستانی لە حزبەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستانی بە بێوێنە وەسفكرد و داواشیكرد شەقامی كوردی پشتیوانیان بێت وتیشی “ئێمە سوپاسی ڕۆژنامەنوسان و میدیاكارانی باشوری كوردستان دەكەین، ئەوان خەمخۆر و دۆستمان بوون، دەنگی ئێمەیان گەیاندووە، هیوادارین شەقامی كوردستان بێنەسەرخەت و پشتیوانیمان بكەن”.