وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ناوەندەکانی خوێندن لە کوردستان ئاگادار دەکاتەوە کە سبەینێ شەممە ، ١٩ی ١١ی ٢٠٢٢ ، پێش وانەی یەکەم خولەکێک بووەستن بۆ رۆحی پاکی قوربانیانی رووداوەکەی سلێمانی.

ئالان حەمە سەعید، وەزیری پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئاگادارییەک ئاڕاستەی ناوەندەکانی خوێندن دەکات لە هەرێمی کوردستان ودەڵێت:” وێرای هاوخەمی قوڵمان بۆ شەهیدانی کارەساتەکەی ١٧ی ١١ی ٢٠٢٢ شاری سلێمانی، هیوای شیفا بۆ برینداران دەخوازین”.

وەزیری پەروەردە ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ ڕێزنواندن بۆ قوربانییەکان، کە لەنێویشیاندا مامۆستا و چەند قوتابییەکی تێدا بوونە قوربانی، سەرجەم ناوەندەکانی خوێندن لە کوردستان ئاگادار دەکەینەوە کە سبەی شەممە ، ١٩ی ١١ی ٢٠٢٢ ، پێش وانەی یەکەم خولەکێک وەستان بۆ رۆحی پاکیان بوەستن .

دوێنێ پێنجشەممە، لە گەڕەکی کازیوەی شاری سلێمانی سیستمی غازی ماڵێک تەقییەوە و بەهۆیەوە خانووەکە رووخا و ١٥ کەس گیانی لەدەستدا و ١٢ کەسی دیکەش بریندار بوون.