ئەمڕۆ 11ی تشرینی دووەم، ساڵڕۆژی هەڵبژاردنەوەی مام جەلال، سكرتێری كۆچكردووی یەكێتییە بە سەرۆك كۆماری عێراق، كە یەكەم كورد بووە بە هەڵبژاردن و ڕێگەی دیموكراسی ببێتە سەرۆك كۆماری عێراق و بۆ دوو خول بەردەوام بێت.

جەلال حیسامەدین شوکروڵڵا تاڵەبانی، ناسراو بە “مام جەلال” لە پێشمەرگەیەكی بەرگری لە خاكی كوردستانەوە دەبێتە سكرتێری گشتی یەكێتی و سیاسەتمەدارێكی بەناوبانگ لەسەر ئاستی عێراق و جیهان و دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعسی عێراق لە ساڵی 2003دا دەبێتە سەرۆكی ئەنجوومەنی حوكم بۆ ماوەی یەك مانگ (مانگی 11ی ساڵی 2003) و لە هەڵبژاردنی پەرلەمانیی ساڵی 2005ی عێراقدا دەبێتە یەكەم سەرۆك كۆماری هەڵبژێردراو.

مام جەلال لە ڕۆژی وەك ئەمڕۆ و لە 11- 11- 2010دا، واتە 12 ساڵ لەمەوبەر بۆ جاری دووەم لە پەرلەمانی عێراق بە دەنگدان و بۆ خوولی دووەم وەك سەرۆك كۆماری عێراق هەڵبژێردرایەوە.

جەلال تاڵەبانی کوڕی حوسامەدین کوڕی نورەڵڵای تاڵەبانی زەنگنەیە، ڕێکەوتی ١٢ی تشرینی دووەمی ساڵی ١٩٣٣ لە گوندی کلکانی بناری چیای کۆسرەت لەدایک بووە.

مام جەلال، لە كاتی لاویدا بە پەیوەست بوون بە پارتی دیموکراتی کوردستان تێکەڵاوی کاری سیاسی دەبێ. لە مانگی شوباتی ساڵی ١٩٥٣ سەرپەرشتی سازدانی یەکەم کۆنگرەی یەکێتیی قوتابیانی کوردستان دەکات و ھەر لەم کۆنگرەیەدا بە سکرتێری گشتی ئەو ڕێکخراوەیە ھەڵدەبژێردرێ و ھەر لە ھەمان ساڵدا دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی یەکێتیی لاوانی دیموکراتی کوردستان و ساڵانی ١٩٥٣–١٩٥٥ دەبێتە سکرتێری گشتی لاوان.

مام جەلال، لە ساڵی ١٩٥٩ لە کۆلێژی یاسا لە بەغدا خوێندنی باڵا تەواو دەکات و لە ساڵی 1970 هاوسەرگیری لەگەڵ كچی ڕووناكبیر و سیاسەتمەداری گەورەی كورد (ئیبراهیم ئەحمەد) دەكات بەناوی (هێرۆخان) و خاوەنی دوو كوڕن بەناوەكانی (بافڵ تاڵەبانی و قوباد تاڵەبانی) كە لە ئێستادا و دوای نەمانی خۆی لە ژیاندا كوڕە گەورەكەی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانە و كوڕە بچووكەكەشی جێگری سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستانە.

مام جەلال، لە ١٨ی كانوونی یەكەمی ٢٠١٢ دووچاری جەڵتە لێی داو و دوای وەرگرتنی چارەسەر لە بەغدا گەیەنرایە نەخۆشخانەیەكی ئەڵمانیا و لە ڕۆژی ١٩ی تەممووزی ٢٠١٤ دوای نزیكەی ١٩ مانگ مانەوە لەو وڵاتە گەڕایەوە سلێمانی و دواتر برایەوە نەخۆشخانەی ئەو وڵاتە و لە ٣ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧، لە ئەڵمانیا، بەھۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد و لەڕۆژی ٦ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٧ واتە دوای 3 ڕۆژ لەکۆچی دوایی تەرمی مام جەلال گەڕێندرایەوە ھەرێمی کوردستان و لە گردی دەباشان بەخاکسپێردرا.