رێکخراوی مافی مرۆڤی هەنگاو دەڵێت، سامان یاسین لە دانیشتنی 29ـی ئۆکتۆبەردا لە دادگەیەکی تاران، داواکاری گشتی دۆسیەیەکی بە پاساوی شەڕی دژی ئایین لە دژ کردووەتەوە.

رۆژی شەممە، 5-11-2022، ژیلا موستەئجیر، ئەندامی بەڕێوەبەریی رێکخراوی هەنگاو گوتی: “سامان یاسین خەڵکی کرماشانە و لە تاران دەژی؛ پێش خۆپێشاندانەکانی ئێرانیش لە گۆرانی و هۆنراوەکانیدا ناڕەزایی دژی دەسەڵات دەربڕیوە؛ ئێستاش بە تۆمەتی پشتگیریی خۆپێشاندەران دەستگیرکراوە”.

دادگاییکردنی سامان یاسینی تەمەن 29 ساڵ لە تەلەڤزیۆنی فەرمیی ئێرانەوە بڵاوکرایەوە؛ بەگوێرەی ئەو دیمەنەی بڵاوکرایەوە، دادگاییکردنەکە تەنیا 10 خولەکی خایاندووە.

ژیلا موستەئجیر گوتی: “تەنیا یەک دانیشتنی دادگە لەسەر دۆسیەی سامان یاسین بەڕێوەچووە؛ سزای لەسێدارەدانی بەسەردا نەسەپێندراوە، بەڵام تۆمەتی (شەڕ دژی ئایین)ی دراوەتە پاڵ کە سزاکەی دەگاتە لەسێدارەدان؛ چەند کەسێکی فارسیش هەمان تۆمەتیان دراوەتەپاڵ؛ دەسەڵات دەیەوێت خەڵکی ناڕازی ئێران چاوترسێن بکات”.

سامان یاسین گۆرانیبێژ و شاعیرە؛ رۆژی 2-10-2022 بە تۆمەتی پشتگیریکردنی خۆپێشاندەران لە ماڵی خۆی لە تاران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکرا.

ئەو هونەرمەندە کوردە لە دواترین بڵاوکردنەوەکانیدا لە ئینستاگرام، بە گوتار و چیرۆکی جۆراوجۆر پشتگیری لە ناڕەزاییەکان دژی گیانلەدەستدانی کچە کوردی شاری سەقز ژینا ئەمینی دەربڕیبوو؛ سامان یاسین بە فارسی و کوردی گۆرانی گوتووە.