له كۆبونهوهیهكیان لهگهڵ بەرپرسانی دۆسیهی سیاسیی له کونسوڵخانەی گشتییهكانی ئەمریکا و بەریتانیا، بهرپرسانی بزوتنهوهی گۆڕان رایانگهیاند كه “پارتی و یەکێتی سەرچاوەی کێشەکانن”.
میدیاكانی بزوتنهوهی گۆڕان بڵاویانكردهوه كه دلێر عەبدلوخالق، وتەبێژی بزوتنەوەی گۆڕان و شوناس شێرکۆ، ئەندامی ژوری پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی بزوتنەوەکە لەگەڵ جۆشوا لویس و جەیمس ئۆتس، بەرپرسانی دۆسیهی سیاسیی له کونسوڵخانە گشتییهكانی ئەمریکا و بەریتانیا له ههرێمی كوردستان کۆبونەتهوە.
” روانگەی بزوتنەوەی گۆڕانیان لەسەر پرس و مەلەفە سیاسیی و ئیداریی و ئەمنی و کەیسەکانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، گفتوگۆش لەبارەی کێشەکانی پارتی و یەکێتی لەگەڵ چارەسەری کێشەکان و تێپەڕاندنی ئاستەنگەکان کرا، بەتایبەت کە هەردو حیزب سەرچاوەی کێشەکانن و خراپی پەیوەندییان کاریگەری لەسەر دۆخی ئیداری و خزمەتگوزاری و ئارامی و ئاسایشی هاوڵاتیان دروستکردوە.” میدیاكانی گۆڕان وایان بڵاوكردوهتهوه.
لە بهشێكی دیكهی کۆبونەوەکاندا؛ باس لە “ئازادییەکان و پێشێلکارییەکانی مافی مرۆڤ و ئاستەنگەکانی بەردەم کاری ڕۆژنامەوانی کراوە و شاندەکای گۆڕان، جەختیان لەسەر داکۆکیکردن لە ئازادی ڕۆژنامەوانی و پاراستنی دۆسییهكانی ڕۆژنامەنووسان و ئازادیخوازان کردوەتەوە. “
بهپێی میدیاكانی گۆڕان، نوێنەری هەردو کۆنسوڵخانە رایانگەیاندوە، “بە پەرۆشەوە چاودێری دۆخەکە دەکەن و پشتگیری لە ئازادییە گشتی و مەدەنییەکان دەکەن و ڕەخنە لە زۆربوونی حاڵەتی پێشێلکارییەکانیان دەگرن.”