فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان داوا لە سەرۆکایەتى پەرلەمان دەکات لیژنەی تەندروستی رابسپێرێت بۆ بەدواداچونی دۆخی تەندروستی و رەوشی ژیانی پەرلەمانتار (د. کازم فاروق)، بۆ ئاگاداربون لە دۆخى تەندروستى و رەوشى ژیانى.
دەقى یاداشتەکە:
یاداشتی فراکسیۆنی گۆڕان لە پەرلەمانی کوردستان
بۆ بەڕێز/ سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان
بەڕێزان:
لە دوای دابڕان و راگەیاندنی باری تەندوستی پەرلەمانتاری بەڕێز (د. کازم فاروق)، بڵاوبونەوەی لە میدیا و سۆشیال میدیا و لێدوانی تاکە کەسی و کاریگەری لەسەر رای گشتی و نەبوونی ڕوونی لە دۆخی تەندروستی ناوبراودا .
بە ئەرکی خۆمانی دەزانین وەک فراکسیۆنی گۆڕان داوا لە سەرۆکایەتی پەرلەمان بکەین بەپێی دەسەڵاتەکانی، لیژنەی تەندروستی رابسپێرێت بە دروستکردنی لیژنەیەکی لاوەکی بۆ بەدواداچونی دۆخی تەندروستی و رەوشی ژیانی. ئاگاداربوونی رای گشتی بە ڕایەکی فەرمی لە دۆخەکەی بۆ خەڵک لە لایەن دامەزراوەیەکی فەرمی کە خۆی ئەندامێک بووە تیایدا .
فراکسیۆنی گۆران
لە پەرلەمانی کوردستان
٢٩/١٠/٢٠٢٢