خۆرگیران دیاردەیەكی گەردوونییە و كاتێك ڕوو دەدات، كە مانگ دەكەوێتە نێوان خۆر و زەوی بەم شێوەیە سێبەری مانگ دەكەوێتە سەر بەشێك لە گۆی زەوی و تاریكی دەكات.
محەمەد كەمال، شارەزای كەشناسی ڕایگەیاند، ڕۆژی سێ شەممە 25ی 10ی 2022 دیاردەی خۆرگیرانی نیمچەیی لەهەرێمی كوردستان ڕوودەدات و بۆ ماوەی چەند كاتژمێرێك دیاردەكە بەردەوامی دەبێت.
ڕوونیشی كردەوە، لەكاتژمێر 1:00ـی دوانیوەڕۆ دەستپێدەكات و لەكاتژمێر 3:30 خولەكـ كۆتایی پێدێت و چەقی خۆرگیرانەكە لەكاتژمێر 2:18 خولەك دەبێت، بەو جۆرەش كۆی گشتی دیاردەكــە 2 كاتژمێر و 30 خولــەك دەخایەنێت.
دەشڵێت: “شێوازی خۆرگیرانەكە بەگشتی لەنیوە كەمتر دەبێت و داوا لە هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەكەم بەهیچ جۆرێك بەمەبەستی وێنەگرتن ڕاستەوخۆ سەیری تیشكی خۆر نەكەن و وێنە تۆماربكەن، چونكە ڕاستەوخۆ كاریگەری لەسەر تۆڕی چاو دەبێت و مەترسی لەسەر چاو دروست دەكات”.
ڕوونیشی كردەوە، خۆرگیرانەكە باشووری ئەوروپا و خۆرهەڵات و باكووری ئاسیا و خۆرهەڵاتی ئەفریقیا دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێم لە ڕاگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەكردووە، “پێوانە فەلەكییەكان ئاماژە بەڕوودانی (خۆرگیران)ێكی نیمچەیی دەكەن، لە ئاسمانی هەرێمی كوردستان لە رۆژی سێشەممەی داهاتوو 25ی10ی2022 و مانگ نزیكەی %51ی دیسكی خۆر دادەپۆشێ، پاشان وردە وردە دوور دەكەوێتەوە”.
ڕۆژی 3ی ئەم مانگە پێگەی تەلەسكۆپی عێراق ڕایگەیاند، كە ڕۆژی سێ شەممە ٢٥ی ئەم مانگە نیمچە خۆرگیران لە عێراق ڕوودەدات و ئەمە دوایین خۆرگیرانە، كە عێراق تا ساڵی ٢٠٢٧ بەخۆیەوە بیبینێت.