سنورمیدیا ـ
كاتژمێر 11:05 دوێنێ ئیمانی تەمەن 14 ساڵ بە دوو گولـلە لەلایەن باوكییەوە كوژرا، پێش هەفتەیەك ئیمان سكاڵای لەسەر باوكی تۆماركردووە و بە پۆلیسی وتووە”باوكم تەعدام لێ دەكات”.
پێش دوو ساڵ باوك و دایكی ئیمان كە خاوەنی حەوت منداڵن لەیەكتر جیادەبنەوە، سەرچاوەیەك لە پۆلیس بە سنورمیدیا وت”ئەوكات دایكی ئیمان سكاڵای یاسایی لەسەر هاوسەرەكەی بە تۆمەتی خیانەت تۆمار كردبوو، هاوسەرەكەی دەستگیركرا”.
دوای جیابوونەوەی لە هاوسەرەكەی، دایكی ئیمان هاوسەرگیری دەكاتەوە، ئیمانیش لەگەڵ باوكی دەمێنێتەوە، كێشەكان لەو كاتەوە دروست دەبن، كە باوكی ئیمان كە لەگەڵ ژنێكی بە ڕەگەز عەرەب هاوسەرگیری دەكات.
ئیمان لەماڵی خۆیان بە بەردەوامی نەدەمایەوە، لەماڵی باپیر و مام و خاڵ و دایكی دەمایەوە، ئەمەش ببوە كێشە بۆ خۆی و باوكی.
بەپێی زانیارییەكانی سنورمیدیا، دوو هەفتە پێش رووداوەكە ئیمان سكاڵای یاسایی لەسەر باوكی تۆماركردووە و بە پۆلیسی وتووە” باوكم تەعدام لێدەكات و لێم دەدات”، بەڵام دواتر ئیمان سكاڵاكەی كشاندووەتەوە و باوكیشی دەستگیرنەكراوە.
شەوی پێش رووداوەكە مامێكی ئیمان سكاڵای لەسەر ئیمان تۆمار كردووە و بە پۆلیسی وتووە” ئاگاداربن ئەو كچە نایەتەوە ماڵەوە” دادوەری ئێشگر داوای لە پۆلیس كردووە، قسە لەگەڵ ئیمان بكەن و لە هۆكارەكەی بكۆڵنەوە.
دوێنێ دووشەممە لە قەزای كفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، ئیمان لەناو پۆلەكەی لە قوتابخانەی سیروانی بنەرەتی سەرقاڵی خوێندنی وانە دەبێت، باوكی دەچێتە قوتابخانە و بەبیانووی ئەوەی میوانێكی زۆریان دێت، مۆڵەتی وەردەگرێت و لەگەڵ خۆی دەیباتەوە ماڵەوە.
لە كاتژمێر 11:05 دوای ئەوەی دەبێت بە دەنگە دەنگیان، بەرزان شكور بە چەكی جۆری كڵانشیكۆف دوو گولـلە بە سنگ و سكی ئیمانی كچییەوە دەنێت و دەمرێت.
ئەیوب حسێن، وتەبێژی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی لە كفری بە سنورمیدیای وت”ئێمە ئاگاداركراینەوە و چوینە شوێنی رووداوەكە ئیمانی تەمەن 14 ساڵ بە جلوبەرگی قوتابخانەوە كوژرابوو”.
وتیشی” بەمادەی 406 لە سزادانی عێراقی، فەرمانی دەستگیركردن بۆ باوكی كوژراو دەرچووە، بەداخەوە تا ئێستا تۆمەتبارەكە دەستگیرنەكراوە”.
سنورمیدیا ئەوەشی زانیوە تۆمەتبارەكە لە خاكی هەرێمی كوردستان نەماوە و راستەوخۆ دوای رووداوەكە چووەتە خوارووی عێراق.