ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەوانی فەرەنسایی، پلانەكانی یانەی پاریس سان جێرمان بۆ دەستبەردان لە كیلیان مپاپێ هێرشبەری تیپەكە ئاشكرا دەكات.
تۆڕی “فوت میركاتۆ”ی فەرەنسایی بڵاویكردەوە، سان جێرمان 400 ملیۆن یورۆی دیاریی كردووە، وەك نرخی فرۆشتنی مپاپێ، گەر ناچار بوو بیفرۆشێت.
ئەو تۆڕە نوسیویەتی، نوێكردنەوەی بۆندی مپاپێ تا هاوینی 2025، نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم یانەكانی تر، تا بۆند بۆ پەلكێشكردنی پێشكەش نەكەن.
ڕاپۆرتە ڕۆژنامەوانییە فەرەنسایی و ئیسپانییەكان لەم ماوەیەی دواییدا بڵاویانكردەوە، كیلیان میپاپێ هەست بە ناپاكی دەكات و هەوڵی ڕۆیشتن دەدات لە كانوونی دووەمی داهاتوو.
ئەو ڕاپۆرتانە پشتییان بە هەستی بێ ئومێدبوونی هێرشبەرە تەمەن 23 ساڵەكە كردووە، بەرامبەر بە بڕیارەكەی كریستۆڤ گالتێ سەبارەت بە بەكارهێنانی وەك سەرە ڕم لە پلانی 3-4-3.
مپاپێ لەم ماوەیەی دواییدا ڕایگەیاندبوو، هەست بە ئازادییەكی زیاتر دەكات لەنێو یاریگا، كاتێك لەگەڵ هەڵبژاردەی فەرەنسادا دەبێت.