وەزیری دارایی جەخت لە پشتیوانییەکانی دەکاتەوە بۆ یەکخستنەوەی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە.
ئەمڕۆ یەکشەممە (25/9/2022) ئاوات جەناب نوری وەزیری دارایی و ئابوی لە دیوانی وەزارەت لەگەڵ هەر یەک لە شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و د.ئومێد سباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و دکتۆر عەبدولحەیم خەسرەو سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەداواداچون کۆبۆوە.
لە کۆبونەوەکەدا پرسی چارەسەرکردنی بەربەستەکانی بەردەم یەکخستنی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگە تاوتوێکرا و باس لە کێشەی کەمی پێشینەی مانگانەو گواستنەوەی هەژماری ئەم هێزانە لە هێزەکانی یەکەی 70 و 80 وە بۆ سەر هەژماری وەزارەتی پێشمەرگە کرا. جەختکرایەوە لە تەرخانکردنی بودجەی پێویست بۆ لیوا ڕێکخراوەکانی ناو وەزارەتی پێشمەرگە کرد.
ئاوات جەناب نوری جەختی کردەوە کە وەزارەتی دارایی و ئابوری پاڵپشتیهكی گەورەی یەکخستنی لیواکانی وەزارەتی پێشمەرگەیە.
جگە لەوەش ئامادەبوان کۆدەنگی ئەوەیان پیشاندا کە بەهەمو لایەکەوە کار لەسەر یەکخستنی ئەو لیوایانە دەکەن و سەرجەم بەربەستەکان وهلا دەنێن.