بەپێی زانیارییەكانی سنورمیدیا، لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی لایەنە سیاسیەكانی هەرێم، بافڵ جەلال تاڵەبانی، ئاشكرایكردووە، كە لەدوای كۆبوونەوەكەی لەگەڵ مەسعود بارزانی لە هەوڵێكی كوشتن ڕزگاری بووە، هەروەها هەرەشەی ئەوەشی كردووە ئەگەر حكومەتی هەرێم كێشەكانی سلێمانی چارەسەر نەكات، تیمی یەكێتی لە حكومەت دەكشێتەوە.
لە كۆبونەوەی ئەمڕۆ كەسی یەكەمی حزبە سیاسییەكان لە سەرۆكایەتی هەرێم لە هەولێر، بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی هەڕەشەی كشانەوەی كردووە لە حكومەت، ئەگەر كێشەی خۆڵو خاشاك و دەرماڵەو نەخۆشخانەكانی سنوری سلێمانی چارەسەر نەكرێت، باسی لەوەكردووە چەند مانگێكە یەكێتی لەبری حكومەت خەرجی ئەو بوارانە دابین دەكات.
بافڵ تاڵەبانی لەبەردەم كەسی یەكەمی حزبەكانو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان باسی دواین دیداری خۆی لەگەڵ بارزانی كردووە كە رۆژی 4ی ئەم مانگە لە پیرمام بەڕێوەچوو، لەوبارەیەوە بافڵ تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكردووە” ئەوە دیداری نێوان سەرۆكی یەكێتییو سەرۆكی هەموو كورد بووە، چونكە ئەو بارزانی بە سەرۆكی هەموو كورد دادەنێت”.
سەرباری ستایشكردنی بارزانی، بافڵ تاڵەبانی نیگەرانی خۆی بە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمیو نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكانو سەرۆكی حزبەكان گەیاندووەو باسی لەوەكردووە” دوای دیدارەكەی لەگەڵ بارزانی، لەكاتی گەڕانەوەیدا لە هەولێرەوە بۆ سلێمانی، كەسێكی جاش بە چەكی قەناس چاودێری هێلیكۆپتەرەكەی كردووەو ویستویەتی فڕۆكەكەی بخاتەخوارەوەو بیكوژێت”.