دادگای تاوانەكان لە سلێمانی، سزای حەوت ساڵ بەندكردنی بەسەر بكوژێكی ئەو كەسەدا سەپاند كە ساڵی 2018 لە بەردەم دوكانەكەی خۆی لە سلێمانی ڕفێندرا و دواتر كوژرا.

نیاز ڕۆستەم، خوشکی تاریقی بەقاڵ، ئەو كەسەی ساڵی 2018 لەبەردەم دوکانەکەی خۆی لە شاری سلێمانی لەلایەن چەند گەنجێکەوە ڕفێنرا و دواتر بە کوژراوی دۆزرایەوە  ڕایگەیاند: ”دوای ئەوەی براکەمان کوژرا، دەزگا ئەمنییەکانی سلێمانی، بکوژەکانیان دەستگیر کرد، ھەرچەندە پێشتر دادگای سلێمانی سزای لەسێدارەدانی بۆ بکوژەکان دەرکرد، بەڵام ئەمڕۆ كە دوا دانیشتنی دادگا بوو، ئەو ماددەیەی بکوژەکانی پێ سزا درا گۆڕدرا“.

ڕۆژی 12ی 9ی 2019، سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی راگەیاندراوێكی بڵاو كردەوە و تێیدا رایگەیاند، دادگای تاوانەكانی دووی سلێمانی، ”لەبەر بوونی بەڵگەی تەواو و شاهید و دانپێدانانی تۆمەتباران، بەپێی بڕگەی 1/ح لە ماددە 406ی یاسای سزادانی عێراقی، سزای لەسێدارەدانی بۆ هەرسێ تاوانباری كەیسەكەدا سەپاندووە“. بەڵام پاش تەمیزكردنەوەی بڕیارەكەی یەكەم، ئەمڕۆ جارێكی دیكە دادگای سلێمانی بڕیارێكی تازەی لەبارەی كەیسەكە دا و یەكێك لەو تۆمەتبارانەی كە بە گوتەی كەسوكارەكەی، تۆمەتباری سەرەكیی كەیسەكەشە، سزای لەسێدارەدانەكەی بۆ 7 ساڵ بەندكردن بۆ گۆڕاوە.

خوشكی تاریقی بەقاڵ لەمبارەیەوە  وتویەتی :”بۆ بڕیارە تازەكە ئێمە ناڕەزایەتیمان دەربڕی، بەڵام هێزەكان بە قسەی ناشرین و ھێرش و پەلاماردان وەڵامیان داینەوە“.

جەختیشی كردەوە: ”ئێستا خوشکێکم لە لایەن دەزگا ئەمنییەکانەوە دەستگیر کراوە و نازانین لە کوێیە و چی بەسەر ھاتووە؟“

نیاز ڕۆستەم، جەختی لەوە كردەوە: ”براکەم بەبێ تاوان کوژراوە، لەبری ئەوەی سزای بکوژەکان بدرێت، پەلاماری ئێمەیان دا، ئەمە کەی ڕەوایە؟ لەکاتێکدا ئێمە داوای ئەوەمان کردووە کە بەو سزایە ڕازی نابین و دەبێ ھەموو بکوژەکان سزای لەسێدارەدانیان بۆ دەربكرێت.“

تاریق رۆستەم ناسراو بە تاریقی بەقاڵ، باوكی چوار منداڵ بوو، لە ئێوارەی 18ی 12ی 2018، دوای داخستنی دووكانی میوەفرۆشییەكەی، دیار نەما، پاش چوار مانگ، ئاسایشی سلێمانى سێ گەنجى دەستگیر کرد و رایگەیاند، دانیان بەوەدا ناوە ئەوان تاریقی بەقاڵیان کوشتووە و ئوتومبێلەکەیان بە باندێکى دیکە فرۆشتووە کە لە ناوەڕاست و خوارووى عێراق هاوکاریی ئەو سێ گەنجە بوون.