هەپەگە ناسنامەی گەریلایەکی شەهیدی خەڵکی شارۆچکەی ڕانیەی بڵاوکردەوە، کە ساڵی ٢٠١٧ لە ناوچەی بۆتانی باکووری کوردستان لە شەڕێکدا دژی سوپای تورک  شەهیدبووە.

ناوەندی ڕاگەیاندن و چاپەمەنیی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە لە ڕاگەیەندراوێکدا شەهیدبوونی چوار گەریلای لە سنووری ناوچەی بۆتانی باکووری کوردستان ڕاگەیاند، کە یەکێکیان خەڵکی شارۆچکەی ڕانیەی باشووری کوردستانە.

شەهید چاوەڕێ فریشە ساڵی ٢٠٠١ چووەتە ڕیزی گەریلاکانی کوردستانەوە و ئەندامی فەرماندەیی یەژاستار بووە لە ناوچەی بەستای باکووری کوردستان، ساڵی ٢٠١٧ لە شەڕێکدا دژی سوپای تورک لە باکووری کوردستان شەهیدبووە.

ناسنامەی شەهید چاوەڕێ بەمشێوەیەیە؛

ناسناو: چاوەڕێ فریشته‌

ناو و پاشناو: سوهام خدر

شوێنی له‌دایكبوون: ڕانیه‌

ناوی دایک و باوک: حه‌لیمه، عه‌بدولقادر موسا

كات و شوێنی شه‌هیدبوون: ١٣ی گوڵانی ٢٠١٧/ بۆتان

 

هەپەگە دەڵێت: هاوڕێمان چاوەڕێ لە چوارقوڕنەی سەر بە شارۆچکەی ڕانیەی باشووری کوردستان لەدایکبووە، بە کەلتووری بەرخۆدێریی و وڵاتپارێزیی گەلەکەمان گەورەبووە، لەدوای ساڵی ٢٠٠٠ەوە هاوڕێ چاوەڕێ بزووتنەوەی ئاپۆیی لەنزیکەوە دەناسێت، بەتایبەت هەبوونی شەڕڤان و فەرماندەی ژن لە ڕیزی بزووتنەوەی پەکەکە و بەرزیی ئاستی بەسوپابوونیان، خەونەکانی هاوڕێ چاوەڕێی گەورەتر کرد.

ساڵی ٢٠٠١ شەهید چاوەڕێ لە بناری قەندیل دەچێتە ڕیزی گەریلاکانی کوردستانەوە، خۆی بەشداربوونی بۆ ڕیزی گەریلا بەمشێوەیە پێناسە دەکات و دەڵێت “چۆلەکەیەک کە لە قەفەس دەرچوو و باڵی گرت”.

هەر لە ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگەدا هاتووە: هاوڕێ چاوەڕێ بە عەشقی ئازادیی و بە دڵخۆشیی ژیانی ئازاد و جۆش و خرۆشی گەنجێتییەوە بەشداری ڕیزەکانی گەریلا بوو، لە قەندیلەوە تا خنێرە، لە خواکورکەوە تا هەفتانین، لە گارەوە هەتا زاپ بەشێوەیەکی چالاکانە بەشداریی لە کارە پراکتیکییەکاندا کرد.

شەهید چاوەڕێ ساڵی ٢٠٠٦ بەشداریی لە خولی پەروەردەی ئەکادیمیای شەهید بێریتان کردووە، ساڵی ٢٠٠٨یش بەشداریی لە خولی پەروەردەی پاژک کردووە و خۆی لە ئایدۆلۆژیای ڕزگاریی ژندا قووڵکردووەتەوە، ساڵانی ٢٠١٣ و ٢٠١٤ لە ئەکادیمیای شەهید ماهیر بەشداریی لە خولی پەروەردەیی کردووە.

وەک هەپەگە باسی دەکات: هاوڕێ چاوەڕێ هەمیشە بە پێداگرییەوە دەیویست بچێتە باکووری کوردستان و لەوێ خەبات بکات، ساڵی ٢٠١٥ دوای ئەوەی دەوڵەتی تورکی داگیرکەر هێرشێکی سەرتاسەریی دژی گەلەکەمان دەستپێکرد، هاوڕێ چاوەڕێ بۆ ئەوەی تۆڵەی شەهیدان بکاتەوە چووە بۆتان، لە ساڵانی ٢٠١٦ و ٢٠١٧دا هاوڕێ چاوەڕێی پێشەنگایەتیی چەندین چالاکیی گرنگی کرد، هاوکات بووە ئەندامی فەرماندەیی یەژاستار لە ناوچەی بەستا.

ئەوەش هاتووە: هاوڕێ چاوەڕی لە مانگی ئایاری ساڵی ٢٠١٧ لە ناوچەی خەزاڵی سنووری بەستا لە شەڕێکدا دژی سوپای تورکی داگیرکەر شەڕێکی قارەمانانەی کرد و لە ئەنجامدا شەهیدبوو، دەبێت هاوڕێ چاوەڕێ لەلای ژنان و گەنجانی کوردستان بەگشتیی و باشوور بەتایبەتییەوە وەک نموونە تەماشا بکرێت.

هەپەگە سه‌ره‌خۆشیی له‌ “بنه‌ماڵه‌ی هێژای هاوڕێیانمان و ته‌واوی گه‌لی كوردستان ده‌كه‌ین، تێكۆشانی ئازادییمان كه‌ به‌ پێشه‌نگایه‌تیی هاوڕێیانی ژن به‌ڕێوه‌ده‌چێت، بۆ هه‌موو كه‌س به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ژیانی ئازاد ده‌خوڵقێنێت، به‌و بڕوایه‌وه‌ ئێمه‌ به‌ڵێن ده‌ده‌ین كه‌ ببینه‌ شوێنكه‌وتووی شه‌هیدانمان و تا سه‌ركه‌وتن بێ پسانه‌وه‌ تێده‌كۆشین”.