شەوی یەكشەممە، كە بۆ ڕۆژی دواتر یەكەم ڕۆژی مانگی ڕەمەزان بووە، كوڕی بەرپرسێكی باڵای بزوتنەوەی گۆڕان تەقە لە هاوڕێیەكی خۆی دەكاو برینداری دەكات.
سنورمیدیا زانیویەتی، كوڕی بەرپرسەكەی گۆڕان داوای پارەی لە هاوڕێكەی كردووە، ئەویش ئامادە نەبووە پێی بدات، هەربۆیە لە نزیك پاركی ئازادی شاری سلێمانی دەبێت بە شەڕیان.
سەرچاوەیەك زانیاری لەبارەی شەڕەكەوە بۆ سنورمیدیا باسكرد و وتی” یەكەم جار كوڕی بەرپرسەكەی گۆڕان ویستی تەقە بكات، بەڵام هاوڕێكەی لێی هاتەدەنگ و نەیهێشت، دواتر پێی وت بڕۆ و با كێشە دروست نەبێت، بەڵام كاتێك كە ئەو گەنجە چووە ناو ئۆتۆمبێلەكە، كوڕی بەرپرسەكەی گۆڕان تەقەی لێكرد و هەڵهاتووە و تا ئێستاش دەستگیر نەكراوە”.
سەرچاوەكە ئەوەشی ئاشكراكرد، ئەو گەنجە سێ فیشەك بەر قاچی كەوتووە، كوڕی بەرپرسەكەی گۆڕانیش هەڵهاتووە و دەستگیر نەكراوە.
سنورمیدیا بۆ وەرگرتنی زانیاری زیاتر پەیوەندی بەو بەرپرسەی گۆڕانەوەكرد، بەڵام ئامادە نەبوو هیچ قسەیەك لەو بارەیەوە بكات.
سنورمیدیا ناوی تەواوی كوڕی بەرپرسەكەی گۆڕان و گەنجە بریندارەكەی لایە، بەڵام لەبەر ڕێكاری یاسایی لە ئێستادا بڵاوی ناكاتەوە.