د.عزەت سابیر ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە میانی گفتوگۆیەکی رۆژنامەوانیدا ھۆکاری نەمانی پارە لە بانکەکان و کەمی داھاتی سلێمانی و گرفتی دابەشکردنی مووچە بە داتا ئاشکرادەکات و سەرەتا رایگەیاند .
ئەوەشی خستەڕوو، لەسەر بنەمای زانیاری و دیکۆمێنت و شەش مانگ بەدواداچوون پەیامێک دەنێرم بۆ برادەرانی پارتی و پێیان دەڵێم بەسە ئیتر گەمارۆدانی سلێمانی بەسە بەرۆکی سلێمانی بەردەن و گەیشتوینەتە ئەو بڕوایەی کە ئەمە پیلانە و ماوەی 6 مانگە پارتی بە بەرنامە دەست دەخەنە بینا قاقای سلێمانی بۆ چەندمەبەستێک.
روونیشیکردەوە: یەکێک لە مەبەستە سیاسییەکان کێشەی سەرۆک کۆمار و ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانە تا یاساکە وەک خۆی بمێنێ و یەک بازنەی ھەڵبژاردن بێت و لەبەرژەوەندی پارتی بێت .
ھەر لەمیانی گفتوگۆکەدا د.عزەت سابیر ئاماژەی بۆ ئەوەکرد بە بەرنامە و پلان داھاتی سلێمانی کەمکراوەتەوە بە نموونە سلێمانی 400 ملیار دیناری پێویستە کە 360 ملیار دیناری بۆ مووچەیە برادەرانی پارتی دەڵێن، 275 ملیار لە پارەی نەوت و ئەو پارەیەشی لە بەغداوە دێت دەدەینە سلێمانی و خۆشتان 125 ملیار دینار پەیدابکەن و بیکەنە 400 بۆ ئەوەی بەشتان بکات.
ئەوەشی خستەڕوو، ئەو سێ مانگە داھاتی نانەوتی سلێمانی ھەر مانگێک نزیکەی 100 ملیار دینار بووە و پارتییش 275 ملیاری ناردووە بەمەش 25 ملیار کورتی ھێناوە، بانکی سلێمانی بە حکومەتی ھەرێم دەڵێت ئەم بڕەپارەیە کەمە دەڵێن قەرزبکەن ! پارتی لە کۆی لە %43ی داهاتی سلێمانی تەنیا %33 دەداتەوە بە سلێمانی .”
د.عزەت ورتر پیلانەکانی پارتی بەرامبەر سلێمانی روونکردەوە ووتی پیلانێکی تری پارتی ئەوەیە کە گەورەباج دەران ھەیە لە کوردستان، فەرمانگەیەکیان بۆ کراوەتەوە و بەڕێوەبەرایەتییەکەیان لە ھەولێرە کە با بە نموونە بیخەمە ڕوو، کۆمپانیای چیمەنتۆی ماس ھەیە گەورەترین کۆمپانیای چیمەنتۆیە، کارگەی ئاسنی ماس، ماجدی مۆل، فاملی مۆڵ، وێستگەی کارەبای چەمچەماڵ داھات و قازانج لە سلێمانی کۆدەکەنەوە بەڵام لە ھەولێر باج دەدەن ئەمە پیلانە، لە ھەولێر بە خاوەن کۆمانیاکان دەوترێت وەرنە ھەولێر باج بدەن کارئاسانیتان بۆ دەکەین بگرە کۆبوونەوە بە دەوڵەمەندەکانی ھەولێر کراوە و پێیان وتراوە نابێت کاڵاو پێداویستییەکانیان لە باشماخ و پەروێزخانەوە بێن و پێیان وتراوە لە برایم خەلیل و حاجی ئۆمەرانەوە کاڵاکانتان بێن و کارئاسانیتان بۆ دەکەین.
ئاشکراشی کرد: ھەندێ کۆمپانیا لە ھەولێرە و دھۆکەوە لێخۆشبوون و بەخشینی گومرگیان بۆ دەکرێت تا باج نەدەن و بە ئیمزای سەرۆکی حکومەت دەڵێت ئەوە بڕیارماندا لێخۆشبوون بۆ فڵانە کۆمپانیا بکەین بۆ ئەوەی 300 ھەزار تەن سوتەمەنی بێنی نە باج نە گومرگ ئەدات بەڵام بەشەرتێک لە باشماخ و پەروێزخانەوە بارەکە بێنێ !! بۆ لەبەر ئەوەی باج نادات لە باشماخ و پەروێزخانەوە و بارەکە بێنی و تا پارەو داھات نەچێتە خەزێنەی دەروازەکانی باشماخ و پەروێزخانەوە.
د.عزەت سابیر ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی باسی لەوەشکرد سەرو 40 کۆمپانیا کە خاوەنداریەکەی ھەولێر و دھۆکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکان گرێبەستی بۆ کردوون و کە خزمەتگوزارییان بۆ دەکات بەڵام لە کۆتایی ساڵ ئەو قازانج و داھاتەی دەستی کەوتووە لە سنوری سلێمانی دەچێتە ھەولێر باج دەدات وە لە لە /:80 بەرهەمی نەوت و غاز لە سنووری دهۆک و هەولێر گرێبەستی بە پیلان بۆ کراوە بۆئەوەی بەردەوام بەرهەمی ئەوێ لە سلێمانی زیاتر بێت.
راشیگەیاند: ساڵی 2021 داھاتی سلێمانی بە نزیکەیی دوو ھێندەی 2022 بووە ئەمە ھۆکاری کەمبوونەوەی داھاتە لە سلێمانی و نەمانی پارەیە لە بانکەکان.
سەبارەت بەوەی دەڵێن یەکێتی سزای سلێمانی داوە؟ یان بۆ ھەڵوێستی نییە ؟ لە وەڵامدا دکتۆر عزەت ووتی: “نەخێر وانییە چونکە یەکێتی نە کەمیکردووە نە درەنگ ھاتووە نە قوربانی کەمیداوە ئەبێت یان کوردستان لەت بکات یان دوو ئیدارەیی بکات یان دەبێت رووبەڕووی پارتی ببێتەوە دڵنیابە پەتی سەبرو تەحەمول تاحەدێکە”.
راشیگەیاند: برادەرانی پارتی 45 کورسی ھەرێم و 31 کورسی عێراقیان ھەیەو دەیانەوێت وەک قاعید ھەڵسوکەوت بکەن کە ئەمە یەکسانە بە دیکتاتۆرییەت، یەکێتی مەکانەتی خۆی ھەیە رای خۆی ھەیە و ئەمە قبوڵکراو نییە لای چونکە ئەمە غەدرەو ناعەدالەتییە.
جەختیشی کردەوە: پەیامێکی زۆر باش و وردمان بە برادەرانی پارتی داوەو پێمان وتوون حکومڕانی بەم شێوەیە وا ناچێتەسەر یان وەرن با بە یەکەوە چاکی بکەین یان بیر لە بەدیلی تر بکەینەوە، ئەگەر وەڵام نەبوو لەماوەیەکی کەمدا سەرکردایەتی یەکێتی کۆدەبێەوە بڕیاری راست و دروست دەدات و دڵنیاشبن ئەو بڕیارەی یەکێتی دەیدات کە لەبەرژەوەندی سلێمانی و موچەخۆران و خانەنشیان و ھەموولایەک دەبێت .
لەبارەی پرسی غازیشەوە د.عزەت سابیر رایگەیاند، یەکێتی دەڵێت با یەکەمجار پێویستی ناوخۆ لە غاز پڕبێتەوە دواتر بفرۆشرێت تا پێویستی غازی هەرێم پڕبێتەوە و دواتر بدرێتە بەغدا و ئەو داهاتەکەی دابەشکاتەوە بەسەرماندا یاخود بە هەر وڵاتێک بفرۆشرێت بە ئاگاداری بەغدا، پارتیش ناتوانێت غاز بە دڵی خۆی بە وڵاتانی دەرەوە بفرۆشێت”.