وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران دەڵێت، بەرامبەر چوونی نێردەیەکی ئیسرائیلی بۆ نێو گەشتیگەلی ناڤیی پێنجەمی ئەمریکا تەنیا وەڵامێکی یەک وشەییان هەیە : “هەولێر”.
 
رۆژی دووشەممە 4ی نیسانی 2022 سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا لە شاری تاران رایگەیاند، ئیسرائیل لە رۆژی یەکەمی دامەزراندنییەوە لە هیچ هەوڵێک سڵی نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی دۆخی ئەم ناوچەیەی جیهان ئاسایی ببێتەوە، ئەوەش لە رێگەی هەندێک کاری خراپ، پیلانگێڕی و ژمارەیەک گرووپەوە.
 
سەعید خەتیبزادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا “ئیسرائیل رایگەیەیاندووە بەم زووانە نێردەیەکی سەربازی دەنێرێتە نێو ناڤیی پێنجەمی ئەمریکا لە کەناراوەکانی بەحرێن، ئەمەش بە واتایە دێت کە لە داهاتوویکی نزیکدا دەگاتە کەنداوی فارس. هەڵوێستی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی چییە و هەنگاوی دیپلماسیتان چ دەبێت؟”، وتی: “رژێمی داگیرکەری قودس لە رۆژی یەکەمەوە لە هیچ هەوڵێک سڵی نەکردووەتەوە بۆ ئەوەی دۆخی ناوچەکە ئاسایی ببێتەوە، ئەوەش لە رێگەی خراپەکاری، پیلانگێڕی و دەست خستنە نێو دەستی ئەوانی دیکەوە. وەڵامی ئێران هەمیشە بەرامبەر رژێمی زایۆنی روون بووە؛ من بە یەک وشە وەڵام دەدەمەوە، ئەویش (هەولێر)ە”.
 
وتەبێژەکەی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ئاماژەی بەوەکرد، تاران هیچ کات لە بەرامبەر هەنگاوەکانی ئیسرائیل بێ وەڵام نەبووە و هێرشەکەی مانگی رابردووی سەر شاری هەولێری سوپای پاسدارانی وەک نموونەی وەڵامەکانی ئێران هێنایەوە.
 
شەوی 13 شوبات، ماڵی شێخ باز لە هەولێر کرایە ئامانجی هێرشێکی مووشەکی و زیان بە چەند ماڵێکی دیکەش کەوت و دوو کەسی سیڤیل برینداربوون.
 
سوپای پاسدارانی ئێران نیوەڕۆی رۆژی 13ی ئادار رایگەیاند، بنکەیەکی “ئیسرائیلیان” لە هەولێر کردووەتە ئامانج، دوای ئەوە ئاژانسی میهری نیمچە فەرمیی ئێرانیش ناوی 9 کەسی بڵاوکردەوە کە گوایە ئیسرائیلین لەو هێرشەدا کوژراون. قسەی سوپای پاسداران لەلایەن حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵیی عێراق رەتکرانەوە. هەولێر و بەغدا و خودی شێخ بازیش داوایانکرد کە لێکۆڵینەوەیەکی هەمەلایەنە لەو هێرشە بکرێت، دوای ئەوە جێگری سەرۆکی پەرلەمانی حێراق رایگەیاند کە ئەوەی کراوەتە ئامانجی هێرشەکە ماڵی بازرگانێکی کوردە و بنکەی هیچ وڵاتێک نییە، بەهان شێوە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکاش بۆ رووداو ئەوەی دووپاتکردەوە . دواتر حکومەتی عێراقیش لیژنەیەکی بۆ لێکۆڵینەوە پێکهێنا .