لە میسر بووك و زاوایەك لە رۆژی هاوسەرگیرییان لە دوای چەند كاتژمێرێك لە بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكەیان، لەناو باڵەخانەكەیان لە نهۆمی دەیەمینەوە، خۆیان فڕێ دەدەنە خوارەوە و دەستبەجێ گیان لە دەست دەدەن. پۆلیسیش دەڵێ رووداوەكە پێوەندیی بە ئەنجامدانی تاوانەوە نییە.
پێگەی “عەرەبیە” ئەمڕۆ چوارشەم 30ی ئادار بڵاوی كردووەتەوە، لایەنەكانی لێكۆڵینەوە لە میسر رایان گەیاندووە، رووداوێكی شۆكهێنەر لە ناوچەی تاڵبییەی میسر رووی داوە، ئەویش بووك و زاوایەك لە دوای چەند كاتژمێرێك لە هاوسەرگیرییان، لە دەیەمین نهۆمی ئەو باڵەخانەیەی لێی بوون، خۆیان فڕێ داوە و دەستبەجێ گیانیان لە دەست داوە.
لێكۆڵینەوەكان ئەوەیشیان دەرخستووە كە ئەو بووك و زاوایە، هەمان رۆژ ئاهەنگی هاوسەرگیرییان بوو، دوای ئاهەنگەكە چوونەتە ناو شوقەكەی خۆیان كە لە دەیەمین نهۆمی ناو باڵەخانەیەك بووە لە ناوچەی تاڵبییە، دوای چەند سەعاتێك خۆیان كوشتووە.
پۆلیسی میسر ناوی بووك و زاوایەك بە پیت هێناوە، ئەوانیش “ئا.م 30 ساڵ” و “ع. ئا 25 ساڵ”ن. پۆلیس ئەوەشی راگەیاندووە كە بەپێی لێكۆڵینەوەكان، دەركەوتووە رووداوەكە پێوەندیی بە ئەنجامدانی تاوانەوە نەبووە، بۆیە تا ئێستەیش لێكۆڵینەوە لەوە دەكرێ تا بزانرێ ئەو بووك و زاوایە، بە چ هۆكارێك بڕیاری خۆكوشتنیان داوە.
ئێستەیش تەرمەی هەردووكیان لە تاڵبییە، لە بەردەستی پزیشكی دادییە.