سۆزان مەنسور، وتەبێژی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراقییە دەڵێت، ڕۆژی شەممەی ڕابردوو کە بڕیار بوو سەرۆککۆمار لەناو پەرلەمانەوە هەڵببژێردرێت، “هەزاران پەیام و نامەی هەڕەشەئامێزمان لە مۆبایلەوە بۆ هاتووە، هەڵمەتەکە سەرجەم ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی گرتەوە.”
دەشڵێت، “هێشتا بنبەستی سیاسی لەنێوان یەکێتی و پارتی بەردەوامە سەرباری ئەوەی تەنها یەک ڕۆژ ماوە بۆ ئەنجامدانی دانیشتنی چوارشەممەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی سەرۆککۆمار.”
سۆزان مەنسور وتیشی، “سەپاندنی ڕای هیچ کەسێک بەسەرماندا قبوڵ ناکەین، بابەتەکە پەیوەندی بە کاندیدەکانەوە یاخود بوونی ڤیتۆ لەسەر کاندیدەکەی ئێمە نییە، بەڵکو پەیوەندی بەوەوە هەیە کە پارتی دەیەوێت بۆ پۆستە ببات.”
وتەبێژەکەی فراکسیۆنی یەکێتی جەختیکردەوە کە “ئەگەر یەکێتی کاندیدەکەشی بگۆڕێت، پارتی هەر سور دەبێت لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی سەرۆککۆمار.”
ڕەتیشیکردەوە تائێستا هیچ لێکنزیکبوونەوەیەک هەبێت لەوبارەیەوە و وتی، “یەکێتی بایکۆتی دانیشتنی چوارشەممە دەکات ئەگەر لایەنەکان نەگەیشتنە ڕێککەوتنێک.”