هێزەكەی رۆژ كە پارتی لەسەر بودجەو قوتی خەڵكی كوردستان بۆ دژایەتی رۆژئاوای كوردستان پێكیهێناوە مووچەكانیان لەهێزی پێشمەرگە زیاترەو خراونەتە سەر هێزی زێرەڤانی كە سەر بەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمن، بەپێی زانیارییەكانیش جگە لەهێزەكەی رۆژ، پارتی دوو بۆ سێ لیوای بەناوی فەرماندەی جزیرە كە لەعەرەب و توركمان پێكهاتوون لەسەر بودجەو قوتی خەڵكی كوردستان پێكهێناوەو لەكاتی دەننگدان بەكاریان دەهێنێت.
غەیاس سورچی لێپرسراوی راگەیاندنی مەڵبەندی نەینەوای یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان ئاماژە بەوەدەكات كە هێزی رۆژ لەلایەن پارتییەوە لەسەر بودجەو قوتی خەڵكی هەرێمی كوردستان پێكهێنراوە، بە PUKmediaی راگەیاند: لەلایەن پارتییەوە هەزاران كەسی كوردسانی رۆژئاوای كوردستان كە لە كەمپەكانی هەرێمن لەسەر بودجەو قوتی خەڵكی كوردستان بەناوی هێزی رۆژوە دامەزرێنراون و بەپێی زانیارییەكانیش مووچەكانیان لەهێزی پێشمەرگە زیاترەو خراونەتە سەر زێرەڤانی كە سەر بەوەزارەتی ناوخۆی هەرێمن.
وتیشی: ئامانج لەدروستكردنی هێزەكەی رۆژ لەلایەن پارتییەوە لەسەر بودجەو قوتی خەڵكی كوردستان بۆ شەڕی برا كوژی رۆژئاوای كوردستانە، چونكە رۆژئاوای كوردستان خاوەنی هێزی تایبەت بەخۆیەتی كە لەشەڕی داعشدا بۆ جیهانیان سەلماند كە چۆن بەرگری لەخاكی رۆژئاوای كوردستان دەكەن.
غەیاس سورچی راشیگەیاند: تەنها ئامانجێك لەدروستكردنی هێزەكە نانەوەی پشێوی لەرۆژئاوای كوردستان و بۆ دەنگدان و زیادكردنی ژمارەی دەنگەكانی پارتییە لەهەڵبژاردندا، كە ئەوەش دژی دەستوری عیراقە كە خەڵكێك ناسنامەی وڵاتێكی تری هەبێت و دایبمەزرێنیت، ئەگەر لەبری ئەوان یەكەم و دووەم و سێیەمەكانی زانكۆو پەیمانگاكانی هەرێم دابمەزرێنرانایە خەڵكی كوردستان لێی سودمەند دەبوو.
باسی لەوەشكرد: هێزەكە نەك لەناوخۆو رۆژئاوای كوردستان بوەتە كێشە، بەڵكو بۆ هەرێمیش بوەتە مایەی شەرمەزاری، چونكە لەكاتی شەڕی لیبیا یەكێك لەفەرماندەكانی لیبیا ئەوەی ئاشكراكرد كە ژمارەیەك چەكداریان دەستگیركردوە كە لەتوركیاوە رەوانەكراون كە دواتر دەركەوت هێزی رۆژەو كوردی رۆژئاوای كوردستانن.
دەشڵێت: هێزەكەی رۆژ جگە لەوەی بۆ شەڕی براكوژی و تێكدانی ماڵی كورد لەرۆژئاوای كوردستان پێكهێنراوە، لەهەرێمیش بەتایبەت لەوناوچانەی سنوری پارێزگای دهۆك دژی پەكەكە سەنگەریان لێداوە.
ئەوەشی ئاشكراكرد: جگە لەهێزی رۆژ، پارتی هێزێكی دوو بۆ سێ لیوای لەنەتەوەكانی عەرەب و توركمان پێكهێناوە بەناوی هێزی جزیرەو بودجەیەكی زۆریان بۆ خەرجدەكرێت و سەر بەزێرەڤانین و مووچەكانیان لەهێزی پێشمەرگە زیاترەو تەنها بۆ دەنگدان پارتی سودیان لێوەردەگرێت، نەك بەرگری لەخەڵك و خاكی هەرێمی كوردستان.