رۆبەرت پاڵەدینۆ كونسوڵی ئەمریكا لە هەرێمی كوردستان دەڵێت، هەرگیز رێگەنادەن جارێكی تر كارەساتی هەڵەبجە دووبارە ببێتەوە.
رۆبەرت پاڵەدینۆ لە یادی 34 ساڵەی كیمیاباران كردنی هەڵەبجە لەو شارە كە ژمارەیەكی زۆر بەرپرسی حكومی و حزبی و كونسوڵ و نوێنەری وڵاتان بەشدار بوون لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، بۆ بیرهێنانەوەی قوربانیانی رژێمی سەدام حوسێن لێرەین، قوربانیانی هێرشێكی كیمیایی ترسناك لە ئازاری 1988 كە پێنج هەزار پیاو و ژن و منداڵی بێتاوان كوژران و هەزاران برینداربوون، ئێمە ئەمڕۆ لێرەین بۆ رێزلێنان لەو كەسانەی بوونە قوربانی، ئەمڕۆ لێرەین بۆ ئەوەی بڵێین هەرگیز رێگە نادەین كارەساتی ئاوا دووبارە ببێتەوە.
رونیشیكردووەتەوە، زۆر گرنگە لەبیرمان بێت لە رابردوو چی روویداوە بۆ ئەوەی بەردەوام بین، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا بەردەوام دەبێت لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و عیراق، بۆ یارمەتیدانیان لە دروستكردنی هەرێمێكی كوردستانی بەهێز، سەقامگیر و دیموكرات، هەروەها عیراقێك كە رێز و شكۆی هەموو كەسێك بپارێزێت.
كونسوڵی ئەمریكا لە بەشێكی تری قسەكانیدا باسی لەوە كردووە، شانازییە ئەمڕۆ لێرەبیت و لە نزیكەوە بەشداربیت لە هەڵگرتنی بەشێك لە خەمەكانی خەڵكی ئەم شارە.