سنورمیدیا – تایبەت
ناكۆكی نێوان ئامۆزاكان قوڵتر بووەتەوە و مەسرور بارزانی قەدەغەیی كردووە میدیاكەی نێچیرڤان بارزانی، هەواڵەكانی بگوازێتەوە، نێچیرڤان بارزانیش ڕووداو بۆ لێدان لە حكومەتەكەی مەسرور بارزانی بەكار دەهێنێت.
شوێنگرەوەی بارزانی باوك
مەسعود بارزانی، كۆتا ڕۆژەكانی پایزی تەمەنی بەڕێدەكات، لە ئێستاوە مەسرور مەسعود بارزانی و نێچیرڤان ئیدریس بارزانی، خۆیان بۆ شوێنگرەوەی سەرۆكەكەیان ئامادەدەكەن.
پێشتر جەنگی نێوان ئامۆزاكان تەنها لەناو ماڵی بارزانی بوو، تەنانەت كادرەكانی پارتی دیموكراتی كوردستان، بڕوایان نەبوو ئامۆزاكان ناكۆكی لەنێوانیان هەبێت، بەڵام ئێستە كار گەیشتووەتە ئەوەی كادرانی ئەو حزبە بەتەواوی بەسەر باڵی ئامۆزاكان دابەشبن.
كۆنگرەی پارتی و توركیا
وابڕیاربوو مانگی ئایاری ساڵی ڕبردوو كۆنگرەی پارتی دیموكراتی كوردستان ئەنجام بدرێت، ئامادەكارییەكان ئەنجامدرا، بەڵام بەهۆی بەهێزی نێچیرڤان بارزانی، ترسی بەدەستهێنانی جومگە هەستیارەكانی ئەو حزبە، بەبیانووی ڤایرۆسی كۆرنا، كۆنگرەكە بە پلانی مەسرور بارزانی و لەسەر پێشنیاری مەكتەبی سیاسی دواخرا.
مەسرور بارزانی، هەوڵەكانی چڕتركردووەتەوە، بەهاوكاری دەزگای پاراستن، دەیەوێت كۆتایی بەدەسەڵاتی ئامۆزاكەی بهێنێت لەناو حزبەكەی باوكی، بەڵام تائێستا نەیتوانیوە ئەو ئامانجە بەدەست بهێنێت، تەنانەت توركیای دۆستی پارتی، تائێستا تەنها مامەڵەی راستەوخۆی لەگەڵ خودی نێچیرڤان بارزانی، هەیە و پێشیان باشە دوای مەسعود بارزانی، نێچیرڤان بارزانی برازای ببێتە كەسی یەكەمی پارتی.
ناكۆكی نێوان ئامۆزاكان گەیشتە ناو میدیاكانیان
پێشتر تەنها لەناو حزبەكەیان هەست بە ناكۆكی نێوان ئامۆزاكان دەكرا، بەڵام ئێستا گەیشتوونەتە قۆنغی ئێسقان شكاندنی یەكدی و كێشەكانیان لە دوو میدیا زەبەلاحەكەیان رەنگی داوەتەوە.
كوردستان 24، میدیای مەسرور بارزانی، هۆكاری كێشەكانی حكومەتی هەرێم بە نەبوونی مووچە و خزمەتگوزاری، ناكۆكییەكانی نێوان هەولێر و بەغدا، وەستاندنی پڕۆژە ستراتیژییەكان دەگەڕێنێتەوە بۆ كابینەكانی پێشتر كە نێچیرڤان بارزانی سەرۆكایەتی دەكرد، لە تازەترین پێشهاتیشدا سەرۆكی حكومەت بڕیاریداوە كەناڵی ڕووداوی نێچیڤان بارزانی، بەژداری كۆنگرە رۆژنامەنوسییەكانی نەكەن، هەروەها هیچ هەواڵ و زانیارییەكیشیان لە لایەن تیمی سەرۆكی حكومەتەوە پێنەدرێت.
كەناڵی ڕووداوی نێچیرڤان بارزانی، بەنەرمی و لەسەرخۆ شكستەكانی كابینەكەی مەسرور بارزانی پیشانی خەڵكی دەدات، ئەو هاوڵاتیانە دەدوێنێت كەدژی حكومەت قسە دەكەن، خەڵكی هەژاری پایتەختی هەرێم دەهێنێتە سەر شاشە.
لە نوێترین كاریشیاندا، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین و نیگەرانی هاوڵاتیان، كەناڵی ڕووداو لەڕێگەی درۆنەوە سەرەی دورو درێژی ئۆتۆمبێلی هاوڵاتیانی شاری هەولێر بۆ بەنزینی بەغدا بڵاوكردەوە.
