سنورمیدیا
لەماوەی رابردوو بەفڵ جەلال تاڵەبانی، لە سنووری ناوچە دابڕاوەكان توانی رەزامەندی وەربگیرێت بۆ ئەوەی خوێندكارانی نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوان هاوشێوەی شەهیدانی دیكەی عێراق ماف و ئیمیتیازاتیان پێبدرێت، ئەمڕۆش ئەو بڕیارە چووە بواری جێبەجێكردننەوە.
دوای ئەوەی لەماوەی ڕابردوودا تیمێكی سەركردایەتی یەكێتی نیشتمانی كوردستان و خودی بافڵ جەلال تاڵەبانی، هەوڵەكانیان چڕكردەوە بۆ ئەوەی ڕەزامەندی لایەنە پەیوەندیدارەكانمان بەدەستبهێنن بۆ ئەژماركردنی ماف و ئیمتیازاتەكانی كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە هاوشێوەی كەسوكاری شەهیدانی هێزە ئەمنییەكانی دیكەی عێراق.
بەپێی ئەو نوسراوەی دەست سنورمیدیا كەوتووە، لە یەكەم هەنگاوی جێبەجێكردنی بڕیارەكە سەرۆكی دەزگای شەهیدانی عێراق نووسراوێكی گشتاندووە سەبارەت بە دابین كردنی كورسی خوێندن لەزانكۆكاندا بۆ كەسوكاری شەھیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوەكان.
خوێندكارانی كەسوكاری شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوان دەتوانن داواكاری وەرگرتنی پشگیری ئاراستەی لقی كەركوكی دەزگای شەهیدانی كوردستان بكەن تا لەو ڕێگەیەوە نوسراوی لقی كەركوكی دەزگای شەهیدانی عێراقیان بۆبكرێت بۆ زانكۆكانی عێراق لە ئێستاشەوە خوێندكاران دەتوانن داواكاری پێشكەش بكەن بۆ خوێندنی باڵا لەزانكۆكان و بەگرتنەبەری ئەو ڕێكارانەی كە پێویستە ئەنجامی بدەن.
ئەو مافانەی كە لەمەودوا بۆ خوێندكارانی نەوەی شەهیدانی پێشمەرگەو ئەنفالكراوان دانراوە بریتین لەوەی كە لەكاتی وەرگرتنیان لە سەرجەم زانكۆكانی عیراقدا حەوت نمرە دەخرێتەسەر كۆنمرەی پۆلی 12یان، هەروەها لە خوێندنی ئێواراندا بەبێ رەچاوكردنی كۆنمرە و تەمەن دەتوانن لە هەر زانكۆیەكی عێراق بخوێنن و كرێی خوێندنیشیان لێوەرناگیرێت و بەبێ بەرامبەر دەتوانن خوێندنی زانكۆ تەواوبكەن، هاوكات بۆ خوێندنی ماستەر و دكتۆرا رێژەی 5%ی كورسییەكانی خوێندن تەرخانكراون بۆ نەوەی شەهیدان و لەمەودوا نەوەی شەهیدانی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوانیش هەمان مافیان دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا لە عێراقدا رێژەی 10%ی دامەزراندن و پلەی وەزیفی تەرخانكراوە بۆ نەوەی شەهیدان، لەمەودوا نەوەی شەهیدانی پێشمەرگە و ئەنفالكراوانیش هەمان مافیان دەبێت لەكاتی دامەزراندندا.
