سنورمیدیا – فەرهەنگ فەرەیدون
شەوی ڕابردوو لە كافتریای ڕیحانەی شاری سلێمانی، شەڕ لەنێوان كارمەندانی دوو كۆمپانیای سكیوریتی ڕوودەدات كە یەكێك لەو كۆمپانیایانە بەرپرسە لە پاراستنی هونەرمەند شاباز زەمانی و بەو هۆیەشەوە كارمەندێكی ڕێستۆرانتەكە بریندار دەبێت و قائیمقامییەتی سلێمانیش ڕێستۆرانتەكە دادەخات.
شەوی ڕابردوو لە كافتریای ڕیحانەی شاری سلێمانی هونەرمەند شاباز زەمانی، ئاهەنگی تایبەتی هەبووە، لەكاتی بەڕێوەچوونی ئاهەنگەكەدا كارمەندانی ئەو كۆمپانیاییەی ئەركی پاراستنی ئەمنی كافتریاكەیان لەگەڵ كارمەندی ئەو كۆمپانیایەی ئەركی پاراستنی شاباز زەمانی لە ئەستۆیە دەبێتە كێشەیان.
سنورمیدیا زانیویەتی لەكاتی ئاهەنگەكە، بەچەند كەسێك پاسەوانەكەی شاباز زەمانی بردووەتە دەرەوەی رێستۆرانتەكە و لێیان داوە، ئەویش بۆ بەرگریكردن لەخۆی چەكی دەرهێناوە ، یەكێك لە كارمەندەكانی ڕیحانە بەمەبەستی نێوەندگیری چووەتە نێوانیان، بەڵام پاسەوانەكانی ڕیحانە پاڵیان ناوە بەو كارمەندەی ڕیحانەوە و پاسەوانەكەی شاباز زەمانی، فیشەكێكی لەدەست دەرچووە، بەو هۆیەشەوە كارمەندەكەی ڕیحانە بریندار بووە.
دوای ئەم ڕووداوە قائیمقامییەتی سلێمانی رایگەیاند”بەهۆی سکاڵای هاوڵاتیان و چەند جارێک ئاگادارکردنەوەی لە پابەندبوون بە مەرجەکانی گەشتوگوزار، رێستۆرانتی رێحانە لە گەڕەکی عەقاری داخرا”.
سنورمیدیا ئەوەی زانیوە پێشتر چەند كۆمپانیایەكی پاسەوانی فشاریان لە هونەرمەند شاباز زەمانی كردووە، بۆ ئەوەی ناوبراو بپارێزن، ئەمیش ناچار بووە یەكێك لەو كۆمپانیایانە هەڵبژێرێت، ئەمەش بووەتە هۆی نیگەرانی كۆمپانیاكانی دیكە.
لەبارەی ڕووداوەكەوە شاباز زەمانی بە سنورمیدیای راگەیاند” من كێشەم لەگەڵ كەس نەبووە و پاسەوانی تایبەتیشم نییە، ئەو گەنجەی كە لەگەڵیشم بووە، كارمەندی یەكێك لە كۆمپانیاكانی پاسەوانییە”.
سەبارەت بە كاتی ڕووداوە زەمانی وتی” من لەو كاتەدا گۆرانیم دەوت لەسەر ستەیج، بەهیچ شێوەیەك ئاگاداری ئەو كێشەیە نەبووم”.
شاباز زەمانی، یەكێكە لە گۆرانیبێژە بەناوبانگەكانی كوردستان و جیاواز لە هونەرمەندانی دیكە لای زۆربەی هاوڵاتیان بە هەموو تەمەنە جیاوازەكانەوە خۆشەویستە و هەمیشە لە شەوە ئاهەنگەكانیدا ژمارەیەكی زۆر لە هاوادارانی بەژداردەبن.