ئەندامێكی ئەنجومەنی نوێنەران داوا لە پەرلەمانتارانی هاوەڵی دەكات پابەندبن بەو ‏سوێندەی خواردویانە و كەسێك كە پێشتر بەتۆمەتی گەندەڵی دەستپێكێشانەوەی پێكراوە، بۆ ‏پۆستی سەرۆك كۆمار كاندید نەكەن، لەو ڕووەشەوە دوو نووسراوی ئاراستەی ‏سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران و دەستەی دەستپاكی كردووە.‏

عالیە نسەیف، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران لە هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا ڕایگەیاند، ‏پێویستە سەرجەم پەرلەمانتاران پابەندبن بەو سوێندەی خواردویانە و چەسپاوبن بە بنەما ‏ئەخلاقی و نیشتمانی و شەرعییەكان لەبەردەم گەلی عێراقدا، كەسێك بۆ سەرۆكایەتیی ‏كۆمار هەڵنەبژێرن كە لە ئەنجومەنی نوێنەران بەهۆی بوونی گەندەڵیی ڕوون و بەڵگەدار ‏لێپرسینەوەی لێكراوە لەبەردەم سەرجەم ئەندامانی ئەنجومەن، بە كۆی دەنگ ‏دەستپێكێشانەوەی پێكرا و دۆسیەكانی ڕەوانەی دادگا كرا.‏

نسەیف وتیشی، “گەندەڵی نافەوتێت بەهۆی كۆنبوونەوە، وەك ئەوەی هەندێك پێیانوایە، ‏كاندیدكردنی كەسێكی دەستپێكێشاوە بەهۆی گەندەڵییەوە بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار ‏سووكایەتییە بە دەوڵەتی عێراق و یاسا و دەسەڵاتی یاسادانان، كە بەرپرسە لە دانانی ئەو ‏یاسایانەی دادگا جێبەجێیان دەكات”.‏

پەرلەمانتارەكەی دەوڵەتی یاسا دوو نووسراوی فەرمیی ئاراستەی هەریەك لە دەستەی ‏سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەران و دەستەی دەستپاكی كردووە.‏

لە نووسراوەكەدا بۆ دەستەی دەستپاكی، ئەو پەرلەمانتارە داوای ژمارەی ئەو دۆسێیانەی ‏گەندەڵی دەكات كە دژ بە هۆشیار زێباری ڕەوانەیان كراوە، كە لەنێو لێپرسینەوەكەی ‏ئەوكاتی ئەنجومەنی نوێنەراندا هاتووە، هەروەك داوای ئاشكراكردنی ئەو دۆسێیانە دەكات ‏كە لێبوردن دەیانگرێتەوە، كە تیایدا ئەو زیانە لەخۆدەگرێت كە لەلایەن هۆشیار زێباری-‏یەوە بە دەوڵەت گەیشتووە.‏

بەپێی یاسای ژمارە 8ی ساڵی 2012 (یاسای ئەحكامی پاڵاوتن بۆ پۆستی سەرۆك كۆمار) ‏و لە ماددەی یەك بڕگەی سێیەمدا هاتووە، پاڵێوراو (پێویستە خاوەن ناوبانگی باش و ‏شارەزایی سیاسی بێت و دەستپاك و دادگەر و بەئەمەك بێت بۆ نیشتمان). ‏

لەو بارەیەوە ئەو پەرلەمانتارە لە نووسراوەكەیدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەران دەڵێت، هۆشیار ‏زێباری بەپێی ماددەی (61) بڕگەی حەوتی دەستوور لێپرسینەوەی لەگەڵ كراوە و لە ‏ئەنجومەنی نوێنەران دەستپێكێشانەوەی پێكراوە و دۆسیەكانی ڕەوانەی دەستەی دەستپاكی ‏كراون، بۆیە پاڵاوتنی لێدانە لە بەرزترین دەسەڵاتی یاسادانان.‏

دوای ئەوەی لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا شەپۆلێکی بەرفراوانی ناڕەزایی عێراقییەکان دژی کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار سەریهەڵدا، دوێنێ ناڕەزایەتییەکان گەیشتنە ڕادەی خۆپیشاندان.

سەرەتا ناڕەزایەتییەکان لەڕێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و بڵاوکردنەوەی هاشتاگ و هەڵواسینی لافیتە و پۆستەر لە شەقام و شوێنە گشتییەکانی بەغداد و چەند شوێنێکی دیكە دەستیانپێکرد.

دوێنێ هەینی-ش لە گۆڕەپانی تەحریری ناوجەرگەی بەغداد کە شوێنی ناڕەزایی دەربڕینی خۆپیشاندەرە تشرینییەکانە دژی گەندەڵی، خۆپیشاندان دژی کاندیدکردنی هۆشیار زێباری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار دەستیپێکرد و خۆپیشاندەران لە دروشمەکانیاندا ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، قایلنابن کەسێک کە بەهۆی گەندەڵییەوە متمانەی لێسەندرابێتەوە، کاندیدی پۆستی سەرۆکی وڵات بێت.