هاوپەیمانی فەتحی سەر بە هادی عامری رایدەگەیەنێت کە پۆستی سەرۆک کۆمار تەنیا پشک و بەرکەوتەی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستانە، هەروەک هۆشداریشیداوە لەوەی دۆخی ناوماڵی شیعە گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار.

 عەلی تورکی ئەلجەمالی سەرکردە لە هاوپەیمانی فەتح لەلێدوانێکی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاندووە: دۆخی ناوماڵی شیعە گەیشتۆتە قۆناغێکی مەترسیدار، ڕوونیشی کردۆتەوە کە هادی عامری و موقتەدا سەدر لە ڕاددەی مەترسییەکان ئاگادارن، بۆیە ئێستا سەدر پاشەکشەیکردووە و خەریکە رازیی دەبێت هەموو لایەنەکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی بەشداریی حکوومەتی داهاتوو بکەن.

هەروەک ئاماژەی بەوەشکردوە، ناکۆکییەکی زۆر هەیە کە هێشتا یەکلایی نەکراونەتەوە، کە ئەوە هەر تەنیا لەناو ماڵی شیعیدا نییە، بەڵکو کورد و سوننەکانیش بەوشێوەیەن، جەختیشی کردۆتەوە کە پۆستی سەرککۆمار پشکی پێکهاتەی کوردە و لەناو کوردیشدا پشکی یەکێتیی نیشتیمانی کوردستانە، هەربۆیە دەبێت پارتی دیوکراتی کوردستانیش بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ تایبەتمەندییەکانی ناو پێکهاتەکەی بکات و ئەوە قبووڵ بکات.

ئەلجەمالی روونیکردۆتەوە کە چوارچێوەی هەماهەنگیی بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار پشتیوانی دوکتۆر بەرهەم دەکات، هەروەک هۆشداریشیداوە لەوەی پشتیوانینەکردنی دوکتۆر بەرهەم گرفتی ناوخۆیی گەورەی لێدەکەوێتەوە.