بەپێی ڕاپۆرتە كەشناسییەكان، ئەو شەپۆلی باران بارینەی چەند ڕۆژێكە ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە كۆتایی نەهاتووە و لە دوو ڕۆژی داهاتوودا كاریگەری زیاتر دەبێت و بارانی بەلێزمە دەبارێت و لە چەند ناوچەیەك لافاو دروست دەبێت.
ئاراس جەبار، شارەزای كەشناسی ئاماژەی بەوەكرد، سبەینێ پێنج شەممە ١٣-١-٢٠٢٢ كاریگەرییەكانی ھەردوو نزمە پاڵەپەستۆی دەریای ناوەراست و سوور لەسەر ناوچەكانمان قوڵدەبێتەوە و بەدرێژای كاتەكانی ڕۆژ و شەو ئاسمانی ھەرێم ھەوری باراناوی ئەبێت لەسەرجەم ناوچەكاندا بەپێی كاتی جیاواز ئەگەری بارانبارینی باش ئەبێت و لەھەندێ ناوچە و كاتیشدا ھەورە تریشقە چالاك ئەبێت و بارانی بەلێزمە ئەبارێت.
ڕاشیگەیاند، لە زۆربەی ناوچە شاخاوییەكانی ھەولێر و دھۆك و ڕاپەرین و سلێمانی بارانبارین بەشێوەی بەردەوامی مامناوەند بۆ بەخوڕ ئەبێت، بۆیە ئەگەری بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ئەبێت لەھەندێ ناوچەدا و بەرزترین پلەكانی گەرما بەڕێژەی ١ تا ٣ پلەی سیلیزی نزم دەبنەوە.
ئاماژەی بەوەشكرد، کاریگەری ئەم شەپۆلە ڕۆژی ھەینی ١٤-١-٢٠٢٢ لە ئەنجامی ھاتنی شێی زیاتر لە دەریای سوورەوە لەسەر ناوچەکانی گەرمیان و سلێمانی و ھەڵەبجە و کەرکوک قوڵتردەبێتەوە و ئەگەری بارانی زۆر بەخوڕ و بەرزبوونەوەی ئاستی ئاو ئەبێت.