پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی پارێزگای میسان ئاشكرای كرد، كەسێك بە تۆمەتی بازرگانی كردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە دەستگیر كراوە، كە پەیوەندی بە باندێكەوە هەیە لە پارێزگاكانی بەغدا و هەولێر و میسان كاردەكەن.
پۆلیسی میسان بڵاویكردووەتەوە، دوای ئەوەی زانیاریان دەستكەوتووە كە ئەندامی باندێكی بازرگانی كردن بە ئەندامانی جەستەی مرۆڤەوە لە پارێزگای میسانە بۆ ئەنجامدانی پشكنین بۆ ئەو كەسانەی ئاستی داراییان لاوازە و بڕیاری فرۆشتنی ئەندامێكیان داوە، ئەو كەسە بۆسەیەكی بۆ دانراوە و دوای راكێشانی بۆ ناوچەی “ئەبو رومانە” دەستگیر كراوە.
رونیشكراوەتەوە، ئەو باندە ئەندامەكانی لە پارێزگاكانی بەغدا و هەولێر و میسانن، مۆبایلێك بە ئەندامە دەستگیر كراوەكەی ئەو باندە گیراوە كە بۆ پەیوەندی كردن بە ئەندامانی تری باندەكەوە لە بەغدا و هەولێر بەكاری هێناوە.
پۆلیسی میسان جەختی لەوەش كردووەتەوە، ئەو باندە دوای پشكنین فرۆشیارەكانیان دەنێرنە پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی بۆ ئەنجامدانی نەشتەرگەری، تۆمەتبارەكە دانی ناوە بەوەشدا كە چەندین كەسی بۆ ئەو كارە ناردووەتە نەخۆشخانەكانی ئەو دوو پارێزگایە، ئەویش بەرامبەر بڕێك پارەی زۆر.