ناوەندی راگەیاندن و چاپەمەنی هەپەگە ئاشكرایكرد ” سوپای توركیا لە هەرێمی زاپ لە ناوچەكانی گردی شەهید مونزور و گردی شەهید سەرخوەبوون و جیلۆی بچووك نەیانتوانی بمێنێتەوە و ناچار بوون بكشێنەوە”.

هەپەگە باڵی سەربازی پەكەكە دەڵێت ” سوپای توركیا لە ٢٣ی نیسان هێرشێكی بەرفراوانی كردە سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا. لەماوەی ٨ مانگدا ئەو هێزە زۆرجار لەلایەن هێزەكانمانەوە كرانە ئامانج، بە تایبەتی لە دوایین قۆناغدا هێزەكانمان لە هەرێمی زاپ لە ٨-٩ی كانوونی یەكەم لە گردی شەهید مونزور ئۆپەراسیۆنێكی شۆڕشگێڕانەیان لەدژیان ئەنجامدا و ڕەگیان دەرهێنا”.

هەپەگە لە راگەیەندراوێكدا روونیشیكردەوە “ڕۆژی ٩ی كانوونی یەكەم، لە ناوچەی جیلۆی بچوكی زاپ، چالاكیەكی بەهێز ئەنجامدرا. لەو چالاكییانەدا كە بە تاكتیكەكانی سەردەمی نوێ ئەنجامدرا و هیچ زیانێكی گیانی لێنەكەوتەوە، سوپای توركیا گورزی قورسی بەركەوت”.

راشیگەیاند “سوپای توركیا لە رووی زەمینیەوە لە دژی گەریلاكان كەڵكی نەماوە، بە ناچاری هێرشە ئاسمانییەكان بۆ سەر هەرێمەكانی پاراستنی میدیا بەردەوامی پێدەدات و هەوڵ دەدات ئەنجام بەدەست بهێنێت، بەڵام بۆردومانەكانیش سەركەوتوو نەبوون و زیان بە هێزەكانمان نەگەیشتووە”.