بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم رای دەگەیەنێت، بە مەبەستی رێكخستنەوەی كارەكانی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان، وەزارەتی بازرگانی بڕیاری داوە بەشەخۆراكی چەند توێژێك رابگرێت، ئەمەیش بۆ ئەوەی بەشەخۆراكەكە باشتر بگاتە ئەو هاووڵاتییانەی پێویستیانە و بەكاری دێنن.
نەوزاد شێخ كامیل، بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم ڕایگەیاند، بڕیارەكەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بۆ راگرتنی بەشەخۆراكی مانگانەی هاووڵاتییان چەند توێژێك دەگرێتەوە، بەمەیش كار بۆ رێكخستنەوەی بەشەخۆراك دەكرێت بۆ ئەوەی ئەو خۆراكە باشتر بگاتە دەستی هاووڵاتییانەوە. روونی كردەوە، پزیشك و بازرگانانی ئەندامی ژووری بازرگانی و سەرمایەداران و خاوەن كۆمپانیا و بەڵێندەران، هەروەها ئەو فەرمانبەرانەی مووچەكانیان لە یەك ملیۆن و 500 هەزار دینار زیاترە، بەشەخۆراكیان رادەگیرێت و پسوولەكانیان هەڵدەسەپێردرێت و خۆراكیان بۆ رەوانەی لای بریكارەكان ناكرێت، بەڵام وەك پسوولەی خۆراك هەر دەمێنێت، بۆ ئەوەی بۆ هەر كارێكی وەك سەرژمێری گرفتیان بۆ دروست نەبێت.
هەروەها ئاماژەی بەوە کرد، لە رێگەی وەزارەتی دارایی ناوی هەموو ئەو فەرمانبەرانە دەدرێتە وەزارەتی بازرگانی كە مووچەكەیان دەگاتە ئەو بڕە، وەزارەتی بازرگانیش خۆراكەكەیان دەبڕێت و نایداتە بریكارەكان، بەڵام لە هەرێمی كوردستان تاوەکو ئێستا دەست بە پرۆسەکە نەکراوە .