سەرەڕای تێپەڕبوونی زیاتر لە دوو هەفتەبەسەر دەسبەسەرکردنی چالاکێکی مەدەنیی کورد بە ناوی “کەژاڵ نەسری”ـی تەمەن 26 ساڵ و خەڵکی گوندی “تەنگیسەر” سەر بە ناوچەی ژاوەرۆی سنە، لە چارەنووسی ناوبراو زانیارییەک لەبەر دەستدا نییە.  

بە وتەی سەرچاوەیەکی ئاگادار بۆ ئاژانسی هەواڵدەری كوردستان (كوردپا)، ئەو چالاکە مەدەنییە لە ماوەی دەسبەسەربوونیدا لە مافی دەسپێڕاگەیشتن بە پارێزەر، پەیوەندیی تەلەفۆنی و چاوپێکەوتن لەگەڵ بنەماڵەکەی بێبەری بووە.  

ئەو سەرچاوە هەروەها وتی، “هەوڵ و بەدواداچوونەکانی بنەماڵەی کەژاڵ نەسری لەم ماوەیەدا بۆ ئاگاداربوون لە چارەنووسی کچەکەیان بێئاکام ماوەتەوە و هەتا ئێستا نەیانتوانیوە پەیوندیی تەلەفۆنی یان چاوپێکەوتنیان لەگەڵ ناوبراو هەبێت”.  

ڕۆژی یەکشەممەی ڕابردوو  هێزە ئەمنییەتییەکان بەبێ نیشاندانی بەڵگەی یاسایی هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی ئەو چالاکە کوردە و ناوبراویان پاش دەسبەسەرکردنی بۆ شوێنێکی نادیاریان ڕاگواستووە.  

هەتا ئێستا لە هۆکاری دەسبەسەرکردن و تۆمەتە وەپاڵدراوەکان دژی ئەو هاووڵاتییە زانیارییەکی ورد لەبەر دەستدا نییە.