سەڵاحەددین دەمیرتاشی هاوسەرۆکی پێشوی پارتی دیموکراتی گەلان (هەدەپە) کە لەنۆڤەمبەری ساڵی 2016 وە لە زیندانی ئەدرنەدایە ڕایگەیاند، لەهەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی داهاتوی تورکیادا تەنانەت لەگرتوخانەش دەتوانێت بەسەر ئەردۆغاندا سەربکەوێت.

دەمیرتاش لە لێدوانێکی لەهەژماری تایبەتی خۆی لەتۆڕی کۆمەڵایەتیی تویتەردا نوسیویه‌تى:”ئەگەر ببێتە کاندیدی هاوبەشی لایەنە ئۆپۆزیسیۆنەکانی تورکیا، ئەوە دەتوانێت لەناو زیندانیشدا بەسەر ئەردۆغاندا سەربکەوێت”. لەبەشێکی تری تویتەکەیدا دەمیرتاش دەڵێت:”لەدەرەوە، هێشتا هەندێک کەس پێیانوایە ئەو حکومەتە ساختەکارو هەڵخەڵەتێنەرە دەتوانێت جارێکی تر گەل هەڵبخەڵەتێنێتەوەو لەهەڵبژاردنەکان سەرکەوتن بەدەستبهێنێت”. ده‌میرتاش باسى له‌وه‌كردوه‌، “بەدڵنیایی لەهەڵبژاردنی داهاتودا لایەنە بەرهەڵستکارەکان سەرکەوتن بەدەستدەهێنن‌ و شکست بەئەردۆغان دەهێنین”..

لەگەڵ داواکارییە بەردەوامەکانی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی تورکیا بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەختەی سەرۆکایەتیی تورکیا، بەڵام چەند ڕۆژێک لەمەوبەر ڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا ئەو بابەتەی یەکلاییکردەوەو ڕایگەیاند، تاوەکو ساڵی 2023 هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی ئەنجامنادرێت.