ئەو كچە خوێندكارەی شاری فەلوجە بەهۆی رەتكردنەوەی هاوسەرگیرییەوە بە تێزاب دەموچاوی سوتێنرا لە شاری سلێمانییەوە و نەشتەرگەری جوانكاری بۆ دەكرێت، بەپێی زانیاریەكانیش پزیشكان بەڵێنیان پێداوە كە 90%ی دەموچاوی سروشتی دەگەڕێندرێتەوە.


ماڵپەڕی “دەنگی عیراق” بڵاویكردووەتەوە، مریەم روكابی كە بە “شازادە مریەم” ناسراوە لەگەڵ كەسوكاریدا هێنراونەتە شاری سلێمانی بۆ زانینی بۆچوونی پزیشكان تایبەت بە گەڕانەوەی بۆ شێوەی سروشتی و پرۆسەی چارەسەر كردنی.

ئەوەش هاتووە، مریەم پیشانی پزیشكانی شاری پزیشكی فاروق و نەخۆشخانەی ئەنوەر شێخە دراوە، پزیشكەكان بەڵێنی ئەوەیان داوە كە 90%ی شێوەی دەموچاوی دەگەڕێندرێتەوە و دواتر كۆتا نەشتەرگەری جوانكاری بۆ دەكرێت، بەم نزیكانەش پرۆسەی چارەسەر دەستپێدەكات و پرۆسەكە ساڵێك بۆ دوو ساڵ دەخایەنێت.

رونیشكراوەتەوە، هەروەها پرۆسەكە چاندنی قژ و گوێكانیش دەگرێتەوە و زیاتر لە پزیشكێك سەرپەرشتی كارەكە دەكەن، ژمارەیەكی زۆر پشكنینی بۆ ئەنجام دراوە و ژمارەیەك زۆر پەیوەندییان كردووە و ئامادەیی هاوكاری مادییان راگەیاندووە، بەڵام زۆرێك لەوانەی لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان ئامادەییان پیشاندابوو هاوكاری بكەن ئێستا پەشیمان بوونەتەوە، سەرەڕای ئەوەش هاوكاری لە چەندین كەسایەتی راگەیاندكارەوە لە دەرەوەی وڵات گەیشتووە.

وەزارەتی تەندروستی عیراق بڕیاریداوە مریەم بنێردرێتە دەرەوەی عیراق بۆ چارەسەر بەڵام ئێستا بڕیارەكە لەدەست كەسوكارەكەیدایە.