بەرەبەیانی ئەمڕۆ یەکشەممە 26-12-2021 کەسوکاری 16 کۆچبەری کورد کە بەهیوای بینینەوەی ئازیزانیان لە یەکێک لە وڵاتە ئەوروپییەکان ماڵئاواییان لێکردن، تەرمەکانیان بۆ گەڕایەوە و لە فڕۆکەخانەی هەولێر پێشوازییان لێکردن و لەباوەشیان گرتن.
کۆچبەرەکان بەهۆی نقوومبوونی بەلەمەکەیان لە کۆتاییەکانی مانگی رابردوو لە نۆکەندی ئینگلیز خنکان و خەڵکی دەڤەری راپەڕین، زاخۆ، سۆران، دەربەندیخان و هەولێر بوون. دووان لەو کۆچبەرە خنکاوانە خەڵکی سۆران بوون کە باران نووری و موسلیم ئیسماعیل حەمەد بوون. تەرمی موسلیم ئەمڕۆ دەگاتەوە سۆران و کەسوکارەکەی ئامادەکارییان بۆ پرسەکەی و بەخاکسپاردنی کردووە. تەرمی باران نووریش شەوی رابردوو گەیشتەوە قەزاکە.
بڕیاربوو تەرمی ئەو کۆچبەرانە بەرەبەیانی رۆژی هەینی بگەنەوە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بەگوتەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر کەشوهەوا لەبارنەبووە و دواجار بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە ئیستەنبووڵەوە فڕۆکەکە گەیشتەوە هەولێر.