بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، ڕایدەگەیەنێت، ئەمرۆ بارستەهەوایەكی سارد ڕوو لە هەرێم دەكات و هۆشداری بە هاووڵاتیان دەدات، نەچنە ئەو ناوچانەی بەفری لێ باریوە، چونکە پلەکانی گەرما بەشێوەیەکی بەرچاو دادەبەزێت و بەستن ڕوودەدات.

لە ڕاگەیەندراوەكەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمدا هاتووە: لە ڕۆژى شەممە پێشبینى هاتنى بارستە هەوایەکى ساردى جەمسەرى بۆ ناو خاکى هەرێم دەکرێ کە دەبێتە هۆى دابەزینێکى بەرچاوى پلەکانى گەرما لە سەرجەم ناوچەکانى هەرێم بە شێوەیەک کە پلەى گەرمى لە شەودا لەژێر سفرى سیلیزى دەبێت وە لە ناوچە شاخاویەکان بە شەو و بە ڕۆژ لە ژێر سفرە وە دەبێت بەڵام لە ناوچەکانى تر بەڕۆژ نزیک دەبێتەوە لە سفر جگە لە ناوچەکانى گەرمیان کە پلەکانى گەرمی بەرزتر دەبێت لەوەى کە ئاماژەى پێکراوە. كەشناسی هەرێم ئەوەی خستووەتەڕوو، چاکتر وایە بۆ هاوڵاتیان نەچنە ئەو شوێنانەى کە بەفری لێ باریوە چونکە بەستن و ڕوو دەدات شەختە دروست دەبێت ئەمەش دەبێتە هۆکار بۆ خلیسکان و کەوتن.

هەر بەپێی پێشبینییەكانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێم، تەم و مژ دروست دەبێت و مەودای بینین (Visibility) کەم دەبێتەوە.