لە ڕووداوێکی نامۆدا، لە هیندستان مەیموونەکان لە تۆڵەی کوشتنی بێچوویەکیاندا، لە ماوەی مانگێکدا 250 تولەسەگیان کوشتووە.

بەپێی ڕاپۆرتێکی کەناڵی “نیوز 18″ی هیندی، لە ویلایەتی “ماهاراشترا” لەو وڵاتە، کاتێک دوو سەگ بێچووە مەیموونێکیان کوشتووە، مەیموونەکان لە ماوەی مانگێکدا 250 تولەسەگیان ڕفاندووە و لە بەرزاییەوە هەڵیانداونەتە خوارەوە.

ئەو کەناڵە هیندییە بڵاویکردووەتەوە، “لەو ناوچەیە کە بێچووە مەیموونەکەی تێدا کوژراوە، مەیموونەکان هەر تولەسەگێکیان بینیبێت ڕفاندوویانە و لە بەرزاییەوە هەڵیانداوەتەخوارەوە”.

لە ناوچەکەدا کێشەکە هێندە گەورەبووە، دانیشتووانی گوندێک بەناوی “لاوول” سکاڵایان گەیاندووەتە لای پۆلیس و وتوویانە، “ناوچەکە تەنها ئەو سەگانەی تێداماوە کە بەهێزن و مەیموونەکان پێیانناوێرن”.