بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی ئاشكرای كرد، سێ تۆمەتباریان دەستگیر كردووە كە سوكایەتییان بە مێردمنداڵێك كردبوو و دواتر گرتەی ڤیدیۆییان لە تۆڕە كۆمەڵایەتیەكان بڵاوكردبووەوە.
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی لە بڵاوكراوەیەكدا ئاماژەی بەوەداوە، دوای بڵاوبونەوەی گرتەیەكی ڤیدیۆیی لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان كە سێ تۆمەتبار سوكایەتی بەمێردمنداڵێك دەكەن، بنكەی پۆلیسی سەراو بەشی پۆلیسی رێكاریی راسپاردرا دەستبەجێ لێكۆڵینەوەو بەدواداچون بۆ دۆزینەوە و دەستگیركردنی تۆمەتبارەكان بكەن.
بەپێی بڵاوكراوەكە، پاش وەرگرتنی بڕیاری دادوەر توانرا لەماوەیەكی كەمدا هەرسێ تۆمەتبارەكە لەلایەن مەفرەزەكانی بنكەی پۆلیسی سەرا بەهاوكاری بەشی پۆلیسی رێكاریی بدۆزرێنەوە و دەستگیربكرێن.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، لە ئێستادا هەرسێ تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەر راگیراون و لێكۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.