وەزارەتی سەرچاوەكانی ئاوی عیراق ئاشكرای كرد، ئەو شەپۆلە بارانەی رووی لە پارێزگاكانی باكور كرد، سەرەتای كۆتایی هاتنی قۆناغی وشكەساڵییە، كە ماوەی 3 ساڵە عیراقی پێدا تێپەڕ دەبێت.

مەهدی رەشید حەمدانی، وەزیری سەرچاوەكانی ئاوی عیراق بە رۆژنامەی “سەباح”ی وتووە، شەپۆلی باران بارین لە پارێزگاكانی باكور سەرەتایەكە بۆ كۆتایی هاتنی وشكەساڵی، كە ماوەی 3 ساڵە وڵاتی گرتووەتەوە.

رونیشیكردووەتەوە، سەردانی سەڵاحەدین و نەینەوایان كردووە بۆ بەدواداچوون بۆ مەلەفی باران و ئێستا ئاوی زۆر لە بەنداوی “دوبس”ەوە دەڕژێت و بە درێژایی روباری دیجلە چاودێری دەكرێت، سەرجەم ئەو ئاوە زیادەی لە رێگەی دیجلەوە دەڕژێتە دەریاچەی سەرسار كۆدەكرێتەوە و لەكاتی كەمی ئاو و وشكەساڵی سودی لێ دەبینرێت.

لە ماوەی چەندی رۆژی رابردودا شەپۆلێكی بارانبارین رووی لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان و چەند ناوچەیەكی تری عیراق كرد و لافاو لە چەندین ناوچە دروست بوو، ئەوەش بووە هۆی بەرزبونەوەی ئاستی ئاو لە دەریاچە و بەنداوەكان.