دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) دەستگیركردنی دووكەس ” دوو سیخوڕ”ی راگەیاند كە رۆڵیان هەبووە لە مووشەكبارانكردنی قەڵای دیموكرات لە كۆیە كەگیانلەدەستدان و برینداربوونی ژمارەیەك كادری حزبەكەی لێكەوتەوە.
رۆژی 8-9-2018، كۆبوونەوەی كۆمیتەی ناوەندی حیزبی دیموكراتی كوردستانی لە كۆیە لەلایەن ئێران مووشەكباران كرا و بەهۆیەوە 16 كەس كە 6 كەسیان ئەندامی سەركردایەتیی حدك بوون گیانیان لەدەستدا.
ئەمڕۆ سێشەممە دەفتەری سیاسیی حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) راگەیەندراوێكی بڵاوكردەوە، كە تیایدا ئاماژە بەوەكراوە: ” كۆمیتەی ئەمنییەتی حیزبی دیموكراتی كوردستان پاش ماوەیەك توانی دوو كەس لە مۆرە بەكرێگیراوەكانی كۆماری ئیسلامی كە توانیبوویان خۆیان بخزێننە نێو ریزی پێشمەرگەكانی حیزب، دەستگیربكات.”
حیزبی دیموكراتی كوردستان (حدك) ناوی ئەو دوو كەسەی بڵاوكردووەتەوە كە “دانیان بە كارە سیخوڕییەكەیان ناوە” و دەشڵێت ” ئەو دوو كەسە ناویان “(كەیوان (سۆران) فەیزی) و (فەراز سەڵەواتی) كە خەڵكی سنەن.”
لە بەشێكی دیكەی راگەیەندراوەكەدا حدك داوایەك ئاراستەی دەستەی دادوەریی هەرێمی كوردستان دەكات و ئاماژە بەوەدراوە “چاوەڕوانین كە دەزگای دادوەریی هەرێمی كوردستان بە سەرنجدان بە باری قورسی تاوانەكە و دانپێدانانی تاوانباران حوكم لەسەر ئەم دۆسیەیە بدات، وێڕای ریسواكردنی كۆماری ئیسلامیی ئێران، تاوانباران بە سزای ئەو جینایەتە سامناكەی بە هاریكاریی ئەوان بەڕێوەچووە بگەیێنێت.”