حكومەتی هەرێمی كوردستان لەوەڵامی راگەیەندراوەكەی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی توركی رایگەیاند، كۆمپانیاكە خۆی كۆتایی بە گرێبەستەكەی هێناوە و رایگەیاندوە ناتوانێت ئەركەكانی لە چوارچێوەی گرێبەستەكانی لە كێڵگەی میران و بنەباوی بەجێبهێنێت.

دوای ئەوەی کۆمپانیای تورکی-ئینگلیزی گەنەل ئینێرجی رۆژی 10 ی ئەم مانگە رایگەیاند لە دژی سەندنەوەی دوو کێڵگەی میران و بنەباوی لە کۆمپانیاکە، لە دادگای نێوبژیوانی نێودەوڵەتی لەندەن سکاڵا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان تۆماردەکات و داوای قەرەبوو دەکاتەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیەندراوێکی لە دژی کۆمپانیاکە بڵاوکردەوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان لەراگەیەندراوێكدا لەوەڵامی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ئاماژەی بەوەكردووە:” بەیاننامەكەی گەنەڵ ئینێرجی دوای ئەوە دێت كە لەرێگەی نامەیەكەوە لە رۆژی 5ی ئەم مانگە حكومەتی هەرێم كۆمپانیاكەی لە كۆتایی پێهێنانی گرێبەستەكانی لەو دوو كیڵگەیە ئاگاداركردوەتەوە، دوای ئەوەی كە كۆمپانیاكە رایگەیاندوە، كە ناتوانێت ئەركەكانی لە چوارچێوەی گرێبەستەكانی لە كێڵگەی میران و بنەباوی بەجێبهێنێت

ئاماژەی بەوەشكردوە:” كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی ویستویەتی پاساو بۆ كۆتاییهێنانی گرێبەستەكانی بهێنێتەوە و بیانوی ئەوەی هێناوەتەوە، كە گوایە حكومەتی هەرێمی كوردستان پابەند بە ناوەڕۆكی گرێبەستەكان نەبوە.”

حكومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەشكردوە، زۆر بەداخەوەیە كە كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی نەیتوانیوە پرۆپۆزەڵێكی باوەڕپێكراو بۆ پەرەپێدانی ئەو دوو كێڵگەیە پێشكەش بكات، كە هۆكاری سەرەكییە بۆ ئەوەی حكومەتی هەرێمی كوردستان تا ئێستا نەیتوانیوە لە ماوەیەكی گونجاودا ئەو دوو كێڵگەیە پەرەپێبدات.

لەبارەی هەڕەشەی تۆماركردنی سكاڵا لەلایەن كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی، حكومەتی هەرێم دەڵێت:”بە توندی وەڵامی هەر سكاڵایەكی گەنەڵ ئینێرجی دەداتەوە و سكاڵاش تۆماردەكات لەسەر ئەو زیانەی كە بەری كەوتوە بەهۆی پابەندنەبونی كۆمپانیاكە بە گرێبەستەكانییەوە.”

10ی ئەم مانگە، كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجی لەراگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئەو سكاڵایەی لەسەر حكومەتی هەرێمی كوردستان تۆماریانكردوە پەیوەندی هەیە بەهەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی وەبەرهێنانی هاوبەش لە هەردو كێڵگەی غازی بنەباوێ و میران لەلایەن حكومەتی هەرێمەوە.

ئاماژە بەوەشدراوە، كۆمپانیاكەیان ئامادەیە هەردو گرێبەستەكە هەڵبوەشێنێتەوە و لەبەرامبەریشدا داوای قەرەبو لە حكومەتی هەرێم دەكات، بەبێ ئەوەی بڕی ئەو قەرەبوە بخاتەڕو.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز لەزاری بەرپرسانی كۆمپانیای گەنەڵ ئینێرجییەوە بڵاویكردەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان مانگی (ئاب/8)ی ئەمساڵ گرێبەستی وەبەرهێنانی هاوبەشی لەگەڵ كۆمپانیاكەیاندا لەهەردو كێڵگەی غازی بنەباوێ و میران هەڵوەشاندوەتەوە، لەكاتێكدا ئەوان بە بەهای 1.4 ملیار دۆلار وەبەرهێنانیان لەو پڕۆژەیەدا كردوە.

حكومەتی هەرێمی كوردستان ساڵی 2017ـش سكاڵایەكی لە دادگای لەندەن بەرامبەر كۆمپانیای دانەغازی ئیماراتی دۆڕاند، ئەوكات دادگای لەندەن حكومەتی هەرێمی ناچاركرد بە بەهای 2.24 ملیار دۆلار قەرەبوی كۆمپانیاكە بكاتەوە.