نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند، ده‌بێت دادوه‌ر ئازاد بێت له‌ بڕیاردان و پارێزراوبێت، ده‌شڵێت: “ده‌سه‌ڵاتی دادوه‌ری كێشه‌و ته‌حه‌دای زۆری له‌ به‌رده‌مدایه‌”.

نێچیرڤان بارزانی، سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا رایگه‌یاند: “ئەمڕۆ سەرپەرشتیی ڕێوڕه‌سمی سوێندخواردنی دادوەر عەبدولجەبار عەزیز حەسەن، سەرۆكی دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستانم كرد، پیرۆزبایی لێدەكەم و هیوای سەركەوتنی بۆ دەخوازم”.

وتیشی: “هاوكات پشتگیریی تەواوی خۆم بۆ سەروەریی یاسا و دامەزراوە دادوەرییەكان دووپات دەكەمەوە”.

راشیگه‌یاند: ده‌بێت دادوه‌ر ئازاد بێ له‌ بڕیاردان و پارێزراو بێت.

سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان باسی له‌وه‌شكرد: دەسەڵاتی دادوەری کێشە و تەحەدای جدی لەبەردەم دایە و دەبێت چارەسەر بکرێت.
وتیشی: “کەم و زۆر ھەوڵی دەستێوەردان و ھەژموون و کاریگەری سیاسیی بەسەر ھەندێک لایەنی دەسەڵاتی دادوەری ھەیە و، دەبێت رێی لێ بگیرێت”.

باسی لەوەشکرد: دەبێت دەسەڵاتی دادوەری خۆی داکۆکی لە دەسەڵاتی خۆی بکات، کە بەیاسا پارێزراوە، دەبێت بێ ترس و بە جورئەتەوە بەرگری لە دەسەڵاتەکانی خۆ بکات.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان راشیگەیاند: دەبێت دادگا قبوڵ نەکات ھیچ کەس و دەسەڵات و ھێز و لایەنێک بەھەر بەھانەیەک بێت دەستبخاتە نێو کاروبارییانەوە و، نەچێتە ژێر باری ھیچ ھەڕەشە و داواکاری نایاساییەوە.