لەئەنجامی هێرشێكی ئاسمانیی سوپای عیراق بۆسەر مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعش لەسنووری پارێزگای ئەنبار، شەش تیرۆریست كوژران، سەرۆك وەزیرانی عیراقیش بەڵێن دەدات هێرش و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان بەردەوام بێت تا ئەوكاتەی داعش بەتەواوەتی لەوڵات ریشەكێش دەكرێت.

شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی عیراق بڵاویكردەوە، ئەمڕۆ 6-12-2021، لە هێرشێكی ئاسمانیدا كە مۆڵگەكانی تیرۆریستانی داعشی لە ناوچەی كیلۆ 160ی بیابانەكانی پارێزگای ئەنبار كردە ئامانج، شەش تیرۆریستی ئەو گروپە كوژران.

وەك لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، هێرشە ئاسمانییەكە لەچوارچێوەی چالاكییەكی سەربازیی هاوبەشی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان هات لەژێر فەرمانی فەرماندەیی هێزی ئاسمانی عیراق، تێیدا فڕۆكە F-16 بەكارهێنراوەو ئامانجەكەشی بەتەواوەتی پێكاوە.

لەدوای سەركەوتنی هێرشە ئاسمانییەكە، مستەفا كازمی سەرۆك وەزیرانی عیراق، لە جریوەیەكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر، نوسیویەتی: ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكانمان لەدژی تیرۆریستانی داعش بەردەوام دەبێت لەپێناو ریشەكێشكردنی ئەو گروپە تیرۆریستە لەعیراقدا.

كازمی هەروەها نوسیویەتی: هەندێ لایەن دەیانەوێ لەرێگەی چەكەوە ترس و تۆقاندن بەرامبەر دەوڵەت بەكاربهێنن، بەڵام دەوڵەت بە دامەزراوەكانی و گەلەكەی رووبەڕوویان دەبێتەوەو هیچ كەس و لایەنێكیش لە سەروو بڕیارەكانی دەوڵەتەوە نییەو هیچ چەكێكیش لەدەرەوەی كۆنترۆڵی دەوڵەت نابێت.