بەپێی بڕیارێك كە لەلایەن وەزارەتی خوێندنی باڵای هەرێمەوە دەرچووە، سەرۆكی چوار زانكۆ لە سنووری پارێزگای سلێمانی دەگۆڕدرێن، وەزارەتەكە دەڵێت، هەركەسێك مەرجەكانی تێدابێت دەتوانێت داواكاری بۆ بوون بە سەرۆكی زانكۆ پێشكەش بكات.

 

وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە ڕاگەیانراوێكدا بڵاویكردەوە، دواین كات بۆ پێشكەشكردنی (C.V) و پوختەی ڕاژە، تاكو كۆتایی دەوامی فەرمی ڕێكەوتی (2021/12/12) ڕۆژی (یەكشەممە) دەبێت.

وەزارەتەكە پۆستی (٤) سەرۆك زانكۆ و (سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی) ڕادەگەیەنێت، كە پۆستەكان بریتین لە:

1) سەرۆكی زانكۆی سلێمانی
2) سەرۆكی زانكۆی پۆلیتەكنیكی سلێمانی
3) سەرۆكی زانكۆی ڕاپەڕین
4) سەرۆكی زانكۆی چەرمو
5) سەرۆكی دەستەی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زانستی

وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی باس لە ئەوەشدەكات، هەر كەسێك ئارەزوی هەیەو مەرجەكانی تێدایە، دەتوانێت لە ماوەی دیاریكراودا (C.V) و داواكارییەكەی پێشكەش بكات، تا ناوی لە لیستی پێشكەشكاراندا تۆمار بكرێت.

مەرجەكان بۆ پۆستی سەرۆكی زانكۆ:

– هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت .
– نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆری یاریدەدەر كەمتر نەبێت.
– خزمەتی لە (10) ساڵ كەمتر نەبێت.

مەرجەكان بۆ سەرۆكی دەستی كوردستانی بۆ خوێندنی ستراتیژی و توێژینەوەی زنستی:

– هەڵگری بڕوانامەی دكتۆرا بێت لەیەكێك لەبوارەكانی زانستی.
– نازناوی زانستی لە پرۆفیسۆر كەمتر نەبێت.

تێبینیەكان:

• ئەو كەسەی داواكاری پێشكەشدەكات باشترە دیدو بۆچون و بەرنامەی كاری خۆی پێشكەش بكات بەمەبەستی بەرەو پێش بردنی زانكۆكەی بۆ ئەو چوار ساڵەی كە لە پۆستەكەی بەردەوام دەبێت، هەروەها زانینی زمانی ئینگلیزی و شارەزایی لە بەكارهێنانی تەكنۆلۆجیای بواری خوێندن و فێركردن و كارایی بڵاوكردنەوەی توێژینەوەی زانستی هەلی زیاتر بۆ پێشكەشكار دەڕەخسێنیت.

• دواین كات بۆ پێشكەشكردنی (C.V) و پوختەی ڕاژە، تاكو كۆتایی دەوامی فەرمی ڕێكەوتی (2021/12/12) ڕۆژی (یەكشەممە) دەبێت.

• هەر كەسێك ئارەزوی هەیەو مەرجەكانی پێشكەشكردنی هەیە، دەتوانی (C.V) و پوختەی ڕاژەو لیستی هەمو توێژینەوە بڵاوكراوەكان لە گۆڤاری زانستی مەحكەم ڕاستەوخۆ بۆ بەڕێوەبەرایەتی بەدواداچونی پۆستەكان لە دیوانی وەزارەت لە ڕێگەی ئەم ئیمێڵە ([email protected]) بنێرێت