هەردوو لەشكری تایبەتی یەك و لەشكری گوڵان بە فەرمانی بارزانی جوڵەیان پێكرا بەرەو ناوچە جێناكۆكەكان و لە سنووری مەخمور جێگیر دەكرێن.
مەنسوڕ بارزانی، فەرماندەی لەشكری یەك و گوڵانی تایبەتی بارزانی لە سەردانێكیدا بۆ ماڵی ئەو ژنەی لە گوندی (خجیجە)ی سەر بە مەخمور سێ كوڕی شەهید بوون لە هێرشێكی چەكدارانی داعش ڕایگەیاند، هێزێكی تایبەتی لەشكری یەك و گوڵان لە گوندەكە و ناوچەكە جێگیر دەكرێن.
وتیشی، ”لەسەر ڕاسپاردەی بارزانی، ئێمە وەکو لەشکری تایبەتی یەک و گوڵان هاتووین بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان و بۆ ئەوەی کە لە دەوری ئەم گوندە ڕەبایە دابنێین و ئەگەر تیرۆریستانی داعش جارێکی دیکە ویستیان پەلاماری خەڵکی ئێمە بدەن، ئێمە بە دڵ و بە گیان بەرگری دەکەین و ڕێ نادەین ئەم ڕووداوە دووبارە ببێتەوە”.
بەپێی زانیارییەكان، لهئێستا ئهو دوو هێزه بە فەرمانی مەسعود بارزانی گهیشتونهته سنوری مهخمور و ئهركیان پاراستنی ناوچەكانی چیای قەرەچوخ دهبێت و لهوێ جێگیر دهبن.
ئەمە لەكاتێكدایە، ئەمڕۆ مەسعود بارزانی، سەرۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە كۆنگرەی ڕەوەندی كورد لە شاری هەولێر ڕایگەیاند، خەباتی گەلی ئێمە هەمیشە خەباتێكی ڕەواو ئاشتیانە بووە و هەرگیز گەلی كوردستان بژاردەی شەڕی هەڵنەبژاردووە، بەڵام ئەگەر ناچار كرابین بەرگریمان لە گەلی خۆمان كردووە و بەرگریكردن بووە لە مان و نەمان.
ئاماژەی بۆ ئەوەش كرد، هەرگیز ڕۆژێك كورد نەچووەتە سەر خاكی تر، بەڵام هەمیشە ئامادەبووە و بەردەوام دەبێت بەرگری لە خۆی بكات.