وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا ئاماژەی بەوەدا، لە راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکاندا دوو کورسییان بە “تاڵان براوە”.
لە راگەیێندراوەکەدا کە رۆژی سێشەممە 30-11-2021 بڵاوکراوەتەوە هاتووە، “دوای راگەیاندنی ئەنجامی کۆتایی ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان، بۆمان دەرکەوت، دوو کورسی کە مافی یاسایی دوو بەربژێری پارتیمان بوون لە پارێزگاکانی ھەولێر و نەینەوا بەتاڵان بردراون، بۆیە لەدوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەی مەکتەبی سیاسی ھەڵوێستی پارتیمان لەبارەی ئەم کارە ناڕەوایە رادەگەیەنین”.
ئەوە لە کاتێکدایە، بەگوێرەی ئەنجامی کۆتایی هەڵبژاردنەکانی عێراق، دوو کورسی پارتی دیموکراتی کوردستان کەمی کرد بەراورد بە ئەنجامە بەراییەکان و دوو كاندیدی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان چوونە شوێنیان.