ئاژانسی وەزارەتى ناوخۆ بۆ کاروبارى پۆلیس ڕایگەیاند پیاوێکیان دەستگیرکردووە کە بەنیازبوو دوو کچە ناکامەکەى بەرامبەر بە پارە بفرۆشێت بە هاوڵاتییەکى هەرێم.

ئاژانسى وەزارەتى ناوخۆ بۆ کاروبارى پۆلیس راگەیەندراوێکى بڵاوکردەوە و تیایدا ئاماژەى بەوە کرد کە “لەیەکێک لە چاوگە نهێنییەکانیانەوە زانیارییان بەدەستگەیشتووە کە پیاوێک لەبەرامبەر وەرگرتنى نۆ ملیۆن دینارى عێراقى دەیەوێت دوو کچە ناکامەکەى بفرۆشێت بە کەسێک لە هەرێم”. بەگوێرەى راگەیەندراوەکە “لەلایەن تیمێکى تایبەت بە فەرمانگەى قەڵاچۆکردنى بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەست بە لێکۆڵینەوە کرا”.

ئەوەش روونکراوەتەوە “بەهەماهەنگى لەگەڵ چاوگەکە و پشتڕاستکردنەوەى زانیارییەکان لە بۆسەیەکدا تاوانبارەکە دەستگیرکرا و پرۆسەى فرۆشتنەکە پوچەڵ کرایەوە”. لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە “لە لێکۆڵینەوەدا تاوانبار دانى بە تاوانەکەیدا ناوە و دانى بەوەشدا ناوە کە پێشتر لەدواى تێپەڕینى چەند کاتژمێرێکى کەم بەسەر لەدایکبوونى کوڕێکیدا بە هەمان کەسى هەرێمى فڕۆشتووە.