سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، نیوەی ئەو تووندوتیژییانە بەهۆی ئامێرەکانی پەیوەندی و لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە بووە، ئامارەکانی تووندوتیژی لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا هەڵکشان و داکشانی بەخۆیەوە بینیوە و پێیوایە بوونی کەلێن و کەموکوڕی لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تووندوتیژیی خێزان هۆکاری هەڵکشانی تووندوتیژییەکان بووە.
د. رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند” رۆڵی میحوەری و کاریگەر بگێڕێت لەوەی کە تێکڕای پرۆژە و پێشنیار و راسپاردەکانی کۆنفرانس لە قۆناخی خوێندنەوەی وتاری سەنگینەوە بچێتە قۆناخی کردارەکی و جێبەجێکردنەوە، ئەویش لە رێگەی بەهەند وەرگرتنی راسپارەدەکان و ئەنجامدانی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی زانستی لەبارەیانەوە و بەکارهێنانیان لە داڕشتنی یاسا و رێساکان و ئاراستەکردنی سیاسەتی گشتیدا”.
سەرۆکى پەرلەمان ئاماژەى بەوەشکردوە، شێوازەکانی تووندوتیژیی دژ بە ژنان راگەیێندراو و رانەگەیێندراو، ئاشکراکراو و ئاشکرانەکراو، لەسەر ئاستی تاک و خێزان و کۆمەڵگە و شەقام و شوێنکار بە شێوەیەکی بەرچاو بەدیدەکرێت، ئامارەکانی تووندوتیژیش لە ماوەی 5 ساڵی رابردوودا مایەی نیگەرانین لە ساڵێکەوە بۆ ساڵێکی دیکە هەرچەندە هەڵکشان و داکشانیش بەخۆیەوە دەبینن.
رێواز فایەق باسى لەوەشکرد، لەم ساڵانەی دواییدا شێوازی تووندوتیژییەکان گۆڕان، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا و زیادبوونی ژمارەی بەکارهێنەرانی ئەگەر بە دیوێکیدا دەروازەیەک بێت بۆ کرانەوە بە رووی جیهاندا بە دیوێکی دیکەدا بووەتە ئامرازێکی کاریگەر لە ئەنجامدانی تووندوتیژیدا”.
هەروەها سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان ئامارێکى خستەڕوو کە دەڵێت، بە پشتبەستن بە ئامارەکانی دامەزراوە فەرمییەکان زیاتر لە 50٪ی شێوازەکانی تووندوتیژی بە ئامێرەکانی پەیوەندی و لە رێگەی تەکنەلۆژیاوە ئەنجام دەدرێت.
د. رێواز فایەق لەرووی یاساییەکەشەوە دەڵێت”لە ئەنجامی جێبەجێکردنی ئەو یاسایە دەرکەوتووە کە پێویستی بە هەموارکردن هەیە. بۆ ئەو مەبەستەش پەرلەمانی کوردستان رۆژی 23-11-2021، خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازە یاسایەکی نوێ کردووە کە بە هاوئاهەنگی لەگەڵ وەزارەتی ناوخۆ ئامادەکراوە”.