مەریەم نووری محەمەد ناسراو بە باران تەمەن ٢٤ ساڵ یەکێک لە قوربانیەکانی بەلەمەکەی نوقم بووەکەی نێوان فەرەنسا و بەریتانیا لەرێگەی گەیشتن بە دەستگیرانەکەی بوو .
لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ کەناڵی BBC بەڕیتانی دەستگیرانەکەی مەریەم کە لە وڵاتی بەڕیتانیا دەژی ڕایگەیاند : بەر لە نقوم بوونی بەلەمەکەیان مەریەم کۆتا نامەی بۆ ناردووە، و دڵنیایی کردۆتەوە کە ئەوان ڕزگار دەکرێن، بەڵام بەهۆی درەنگ گەیشتنی هاوکاری بۆیان تەواوی سەرنشینەکانی بەلەمەکە ژێرئاو دەکەون،کە پێکهاتبوون لە ١٧ پیاو و ٦ ژن کە یەکێکیان دووگیانە. هەروەها دەستگیرانەکەی ڕایگەیاند کە هاتنی مەریەم سوپڕایز بووە و ئاگادار نەبووە لە هاتنی،ئەو لەگەڵ کەسێکی نزیکی خۆیاندا هاتووە. هەروەها دەڵێت: کۆتا نامەی لە سناپ چات بۆ ناردم و دەیویست دڵنیام بکاتەوە کە ڕزگاردەکرێن و دەگاتە لای من.
باوکی مەریەم بە BBC ڕاگەیاند:کاتێک مەریەم کوردستانی جێهێشت زۆر دڵخۆش بوو، بەهیوابوو بەزووترین کات بگات بە هاوسەرەکەی، کچەکەم هەوڵیدا پەیامێک بەجیهان بگەیەنێت “هیچ کەس شایەنی ئەوە نییە بەو جۆرە بمرێت”.
” تەنها دەیووست ژیانێکی باشتری هەبێت بۆیە بەڕیتانیای هەڵبژاد، بەڵام گیانی لەدەستدا.”
بەپێی ڕاپۆرتە میدیایەکان تەنها دوو سەرنشینی کەشتیەکە ڕزگارکراون، یەکێکیان عێراقییە و ئەوەی دیکەیان سۆماڵی.