دیوانی وەقفی سونەی عێراق رایگەیاند پێشینەیەک بە بڕی یەک ملیۆن دینار پێشکەش بەو خێزانە ئاوارانە دەکات کە دەیانەوێت بگەڕێنەوە بۆ شوێنی بنچینەیی خۆیان.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، ئیڤان جابرۆ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانى عێراق و سەعد کەمبەش سەرۆکی وەقفی سونی سەردانی کامپی ئاشتی ئاوارەکانیان کرد لە سلێمانی و لەگەڵ ئەوەشدا هاوکارییان پێشکەش بە خێزانەکان کرد و هانیان دان بۆ گەڕانەوەى ئارەزوومەندانە بۆ ناوچە بنچینەییەکانی خۆیان. سەرۆکی وەقفی سونی سەعد کەمبەش دڵنیایدا لەبارەی ئەوەی هەر کەسێک بیەوێت بە ویستی خۆی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەی بنچینەیی خۆی ئەوا وەقفی سونی بە بڕی یەک ملیۆن دینار پاداشتی دەکات و هاوکاری دەکات لە گواستنەوەی کەلوپەلەکانیدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە لەدوای شەڕی داعشەوە لەساڵی ٢٠١٤ خەڵکی ناوچە جیاوازەکانی عێراق بەهۆی هەڕەشەی گروپە چەکدارەکانەوە ماڵ و حاڵی خۆیان بەجێهێشت و روویانکردە ناوچەکانی هەرێم و چەند کەمپێکیان بۆ دروستکرا و دوای کۆنترۆڵکردنەوەی شاری موسڵ و کەمبوونەوەی مەترسییەکانی رێکخراوەکە بەشێک لە ئاوارەکان گەڕانەوە و بەشێکیشیان تا ئێستا لە کەمپەکانی هەرێم نیشتەجێن.